ڕوانگە - هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەردەوامییان هەیە و ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئاشکرای دەکات: چارەسەرکردنی کێشەکان بەتایبەت کێشەی هەناردەکردنەوەی نەوت سودی گەورەی بۆ هەردولا دەبێت.

ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە گفتوگۆ و دانوستانە بەردەوامەکانی لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لە چوارچێوەی دەستوور، بە تایبەتیش بابەتی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای کۆمپانیای سۆمۆ.

ئەنجومەنی وەزیران ڕونیشیکردۆتەوە:"چارەسەرکردنی کێشەی هەناردەکردنەوەی نەوت، ڕۆڵی گرنگی دەبێت لە زیادکردنی داهاتی بودجەی گشتیی فیدڕاڵی و برەودان بە وەبەرهێنان لە کەرتی نەوت و گاز بە گوێرەی دەستوور و خستنەوەگەڕی داهاتەکەی بۆ خێر و بەرژەوەندیی هەمووان.

ئەنجومەنی وەزیران ئاشکرایشیکردووە:" بەهۆی ڕاگرتنی پرۆسەکە لە مانگی ئاداری ساڵی 2023 ەوە زیانی چەندین ملیار دۆلار بەر خەزێنەی گشتی کەوتووە.