ڕوانگە - پارتی لە پەیوەندی لە گەڵ دەرەوەی خۆیدا بە گشتی دوو مۆدێلی هەیە: یەکەم، ملکەچکردن، دووەم، ئیستیفزاز. ئێستا لە گەڵ تورکیا و ئەمریکا مۆدێلی یەکەمە، لە گەڵ هێزە کوردییەکانی تر و هێزە شیعییەکانیشدا هەوڵی مۆدێلی دووەم دەدات.
ستراتیژەکە بەو جۆرەیە کە لە پشتی یەکەم، دەتوانرێت پەیوەندییەکی باڵایی و بە کەم سەیرکردن لە گەڵ دووەمدا دروست بکرێت.
ئەم مۆدێل و ستراتیژە لە پەیوندی بەغدا و هەولێر و واشنتۆندا لە ئێستادا بە زەقی دەردەکەوێت. سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی هەرێم بۆ دی سی، بە هەر مەبەستێک بووبێت، وەها لە بەغدا خوێندرایەوە کە جۆرێکە لە ئیستیفزاز، بە تایبەتی لە ئێستادا کە پەیوەندی هێزە شیعیەکان و ئەمریکا لاواز و ساردە. لە هەمانکاتدا چەند جوڵەیەک لە واشنتۆن لە ئارادایە وەک هەوڵی دەرکردنی یاسای کۆتاییهێنان بە هەژەمۆنی ئێران لە عێراق و هەروەها لە لایەکی ترەوە دانوستانی نێوان ئەمریکا و ئێران.
ئەم دوو جوڵەیە، کە وەها دەردەکەوێت بە ئاراستەی پێچەوانە بن، بەڵام کاریگەری ڕاستەوخۆیان دەبێت لە سەر پەیوەندی کورد و عێراق و ئەمریکا. کەدەرخەری ناسەقامگیری و هەڵبەز و دابەزی واشنتۆنە.
ئەوەی بە دڵنیاییەوە دەزانرێت ئەوەیە کە ترەمپ قوماری لە سەر ناکرێت. با نمونەیەکتان بۆ بهێنمەوە. چەند ڕۆژێکی کەم پێش دیداری ترەمپ و ئەحمەد شەرع، ڕاوێژکارێکی باڵای ترەمپ کە ناوی سەباستیان گورکایە گوتبوی هەرگیز ترەمپ لە گەڵ شەرعدا کۆنابێتەوە، چونکە شەرع ئەمریکی زۆر کوشتوە، کەسێک یەکجار تیرۆریست بێت بۆ هەمیشە تیرۆریستە. بەڵام وەک بینیمان چی ڕویدا، ترەمپ و شەرع کۆبونەوە. ئەمە مانای ئەوەیە کە سیاسەتی ئەمریکی کە هەمیشە گۆڕا و ناسەقامگیربوە، ئێستا زیاتر یان ڕادیکاڵتر ئەگەری گۆڕانی هەیە. [دیار بۆچی سوریا بەپەلە هێنرایە ناو هاوکێشەکانەوە، پرۆسەیەکی ئاڵۆزە، بەڵام بە کورتی، کەنداوییەکان بە ترەمپیان گوتوە، سەقامگیریی کەنداو و ئیسرائیل و سودمەندی ئەمریکا، بێ سوریا نابێت].
با بێنە سەر عێراق. دۆخی عێراق خراپە. جۆری سیاسەتی عێراقی پێویستی بە پارەی زۆرە. وەک چۆن هێزە کوردییەکان تەنها لە سەر بنەمای دامەزراندن و موچە و پارە بونیان هەیە، هەموو هێزە عێراقیەکانیش بە هەمانشێوەن. بەڵام عێراق بێ پارەیە و زیاتر بێپارە دەبێت چونکە نرخی نەوت ئەگەر دابەزینی زۆرترە لە زیادبونی. هەمیشە دوو هۆکار هەیە بۆ نرخی نەوت، هۆکاری کاتی جیوپۆلەتیکی کە کاریگەری لە سەر دابینکردن یان سەپڵای هەیە، ئەویتریان هۆکاری بونیادی. لە ڕوی جیوپۆلەتیکیەوە ئەگەری ئاشتی زیاترە لە شەڕ لە ئێستادا. لە روی بونیادییەوە، وڵاتێکی وەک چین گەشتوەتە ماکسیمام، یان ئەوپەڕی پێداویستی، ڕەنگە ماوەیەک بەمجۆرە بمێنێتەوە، بەڵام پاشان خواستی کەم دەکات، بە هۆکاری زۆر، لەوانە دیموگرافی، گۆڕانی تەکنەلۆجی، و زۆر هۆکاری تر. ئەمەش هۆکاری ئەوەیە کە کەنداو دەیانەوێت بەو برە پارەیەی کە ئێستا هەیانە بگوێزنەوە لە ئابوری نەوتیەوە بۆ نانەوتی. عێراق ناتوانێت ئەمە بکات بەهۆی بونی ئامادەیی زۆری چەک لە سیاسەت و ئابوریدا. چەک بە فیڕۆدانی سامانی وڵاتە. بەڵام چەکداران پێویستان بە قۆرغکردنی سامانی وڵاتە.
لەم روەوە؛ عێراق، هەرێم وەک بارێک دەبینێت. لە هەمانکاتدا هەرێم بەغدا ئیستیفزاز دەکات. نوخبەی شیعە توانای مناوەریان کەمە، هەموو تواناکانیان لە دەوڵەتی عێراقیدا کۆبوەتەوە، بۆیە بە هەموو شێوەیەک بەکاری دەهێنن. لەم ڕوەوە ئەگەری وەڵامدانەوە و دەربڕینی بێزارییان چاوەڕوانکراوبوو.
بەغدا وەهای دەزانی کە پاش ڕیفراندۆم هەرێمی هێناوەتە ژێر ڕکێفی خۆی و جارێکی تر هەنگاوی سەرکێشانە نانێت. بۆیە لە ئێستادا هەست دەکات کە ئەو بڕوایەی ڕەنگە وەها نەبێت.
بۆیە کەمپارەیی و ترس و ئیهانە هەموو تێکەڵبوە لە پەیوەندییەکەدا. ئەم گفتوگۆی ئەوەی گوایە ئەوەی دەکرێت یاساییە یان ڕەوایە یان هەڵەیە، دوورە لە کرۆکی باسەکەوە. ئەوەی هەیە ململانێی هێز و دۆخی دەرونی و سەرکێشی سیاسییە.
پارتی دەتوانێت سودمەندبێت لە دۆخەکە، بەبێ ئەوەی یاری دۆست و دوژمن بکات. دەکرێت پشتیوانی ئەمریکا بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆی یان (کورد) بەکاربهێنێت لە بەغدا.
ئەگەر حیزبە کوردستانیەکان لە گەڵ پارتیدا کۆدەبنەوە، دەبێت سەرەکۆنەی ئەم رەفتارانە بکەن. هەرێم دەبێت لە ستراتیژیستی گەورەی چینی سان تزو ئەوە فێربێت کە هەرگیز شەڕێک نەکات کە پێویست نەبێت. ئەگەر عێراق هەست بە دڵەڕاوکێ و ڕاڕایی و لاوازی دەکات، تۆ دەتوانیت ببیت بە دەروازەی بۆ دونیا، هەتا پێگەت بەهێز بکەیت و سودمەندبیت، نەک وەها مامەڵە بکەیت کە کاتێک بەغدا لاوازە، تۆ دەتەوێت فشاری زیاتر لە سەری بکەیت. چونکە بەمجۆرەی ئێستا ڕەنگە کاتێکی کەم چێژ لە موغامەرە وەربگریت، بەڵام تەنها کاتی و کورت دەبێت، لە هەمانکاتدا تۆوی ڕق و بێ متامانەیی بۆ کاتی درێژخایەن دەچێنێت.
ئەوەی وڵاتانی کەنداو کردیان لە ماوەی ڕابوردودا، ئەوەبو کە چۆن پێگەیان بەکاربهێنن هەتا نەیارەکانیان بهێننە ژێر ڕکێفیانەوە، نەک وەک جاران بە دژایەتی مامەڵەیان بکەن. وەک لە مۆدێلی سوریادا دەیبینین. کەنداوییەکان بە شەرعیان گوت: ئێمە دەرگای ئەمریکات بۆ دەکەینەوە، تۆش دۆستمان بە.