ڕوانگە ـ "عه‌باس غه‌زالی" که‌سایه‌تی چالاکی فه‌رهه‌نگی هه‌رێمی کوردستان، سه‌باره‌ت به مامۆستا "هەژار"؛ شاعیر، نووسه‌ر، وه‌رگێر، فه‌رهه‌نگ‌‌نووس، وشه‌ناس و توێژه‌ری ناوداری کورد، جه‌ختی کرده‌وه: کاره‌کانی "هەژار" شایانی ئەوەیە وەرگێڕدرێتە سەر زمانە زیندووەکانی دونیا و لە ڕێگەی ئەوەوە ئەدەبیاتی کوردی دەبێتە ئەدەبیاتێکی جیهانی.


"عه‌باس غه‌زالی" که‌سایه‌تی چالاکی فه‌رهه‌نگی و ئه‌ندامی به‌رچاو و ڕاوێژکاری فه‌رهه‌نگی و هونه‌ری پارتی دیموکڕاتی کوردستانی عێراق و نوێنه‌ری پێشووی په‌ڕله‌مانی هه‌رێمی کوردستان؛ له وتارێکدا به ناونیشانی "هەژاری دەوڵەمەند" سه‌باره‌ت به مامۆستا "عه‌بدولڕه‌حمان شه‌ڕه‌فکه‌ندی" ناسراو به "هەژار"؛ شاعیر، نووسه‌ر، وه‌رگێر، فه‌رهه‌نگ‌‌نووس، وشه‌ناس، زمانناس و توێژه‌ری ناوداری کورد، نووسیوییه‌تی: مامۆستا هەژار موکریانی وەک کەسێکی بەئاگا و خەباتکار بەوپەڕی بەرپرسیاریتیەوه هەموو ژیانی خۆی بۆ خزمەتی زمانی کوردی، وەک یەکێک له پێکهاتەکانی نەتەوەپارێزی، تەرخان کردووه. ئەو له کاتێکدا ئەو خەباتەی دەست پێکرد که نە کیانێک  هەبوو نه هاوکارییەکی ئەوتۆی مادی. ئەو سەردەم کە شەڕ و نائارامی وڵاتی تەنیبووه، ئەو لەژێر بومباراندا لەبەر فانۆس و چرادا کاری گەورەی دەکرد. بەو حاڵه نالەبارە ئەو بەقەد زانکۆیەک کاری بناغەیی و ڕیشەیی کرد. بە جۆرێک کە بیری له جیهانی کردنی ئەدەبیاتی کوردی دەکردەوه.


هەژار، بە وەرگێڕانی قورئانی پیرۆز، خزمەتی بە عەقڵی تاکی کورد کردووە

له درێژه‌ی ئه‌م وتاره‌ی غه‌زالی دا هاتووه: هەژار، جگە لە ئەدەبیات و فەرهەنگ نووسی و کارە بەرزەکانی وەرگێڕان لە سێ زماندا، بە وەرگێڕانی قورئانی پیرۆز جگە لەوەی خزمەتی بە دین کردووە، خزمەتی بە عەقڵی تاکی کورد کردووە بۆ ئەوەی بە چاکی بە زمانی دایکیی خۆی لە ئایین تێبگات و لە پەنا دینداریدا خزمەت بە فەرهەنگ و نیشتیمانی خۆی بکات. ئەو جگه لەوەی لە مەیدانی زاراوەی کرمانجیی ناوەندیدا کاری مەزنی کرد، شێواز و ڕێگەی ڕاستی به هەموو زاراوەکانی کوردی نیشان دا تا خزمەت به زمان و نەتەوه بکەن.


هەژار، له فارسی و عەرەبیشدا توانا و لێهاتوویی کوردی به نەتەوەکانی تر نیشان دا

له به‌شێکی دیکه‌ی وتاری ئه‌م که‌سایه‌تییه چالاکه فه‌رهه‌نگییه دا هاتووه: هەژار، تەنانەت له زمانەکانی فارسی و عەرەبیشدا توانا و لێهاتوویی کوردی به نەتەوەکانی تر نیشان دا. بۆ نموونه،  کتیبی «ئەبوو عەلی سینا» به ناوی "قانون در طب" دوای حەوت سەده بۆ یەکەمین جار له لایەن هەژارەوە وەرگێڕدرا که ئیرانییەکانیش شانازی پێوه دەکەن. ئەمەش نیشانەی ئەوەیه که گەوره ئەدیبێکی کورد نەک هەر دووره لە نەژادپەرەستی، بەڵکوو توخمی پێکەوەژیان له ناو کوردا دەوەشێنیت. له ڕووی سیاسییەوه کەسایەتیەکی وەها سەقامگیر و دووربین بوو کە تا کۆتایی ژیانی له سەر ڕێبازی خۆیدا مایەوه.


به‌رهه‌مه‌کانی "هەژار" شایانی ئەوەیە وەرگێڕدرێتە سەر زمانە زیندووەکانی دونیا

له درێژه‌ی وتاره‌که‌ی "عه‌باس غه‌زالی" دا هاتووه: ئەگەرچی ئەو به ناو هەژار بوو و هەژارانەش ژیا، بەڵام له ڕووی کار و بەرهەمەوە کەسایەتییەکی پڕبار و بەرهەمدار و دەوڵەمەند بوو. به جۆرێک که ئەمڕۆ بەرهەمی خەباتی ئەو لە زانکۆکانی کوردستاندا بۆتە ماددەی گرینگی زانستی. ئەو بە هەژاری لە بواری فەرهەنگدا نەک هەر خزمەتی بە زمانی کوردی کرد، بەڵکوو زانکۆکانیشی دەوڵەمەند کرد. تەنانەت کاری ئەو شایانی ئەوەیە وەرگێڕدرێتە سەر زمانە زیندووەکانی دونیا و لە ڕێگەی ئەوەوە ئەدەبیاتی کوردی دەبێتە ئەدەبیاتێکی جیهانی.


مایەی خۆشحاڵییە کە ئەمڕۆ خەڵاتی "هەژار" لە ناوەندێکی ئەکادیمیدا پێشکەش دەکرێت

له به‌شێکی دیکه‌ی ئه‌م وتاره‌ی ڕاوێژکاری فه‌رهه‌نگی و هونه‌ری پارتی دیموکڕاتی کوردستان دا هاتووه: مایەی خۆشحاڵییە کە ئەمڕۆ خەڵاتی هەژار لە ناوەندێکی ئەکادیمیدا پێشکەش دەکرێت. هەروەها جێی سوپاسه که پێشتر کۆبەرهەمی هەژار بە ئاگاداری و چاودێریی زانکۆی کوردستان -سنه- چاپ کراوەتەوە. بەڵام، بە گەڕانەوە بۆ سەرچاوە ڕەسەنەکان پێویستە ئەوە بدرکێنین کە ئەو بەرهەمانە دەستیان بۆ بردراوە کە لە ئاستی چاوەڕوانیی ناوەندێکی ئاکادێمیکدا نین. بۆ نموونە لە کاتێکدا کە مامۆستا هەژار خۆی لە کۆڕی زانیاری کورد سەرپەرشتیی چاپ کردنی شەرەفنامەی کردووە، لە چاپ کردنەوەی شەڕەفنامەدا بەشێکی دەرهاویشتراوە. بۆیە ئێمە وەک میراتگرانی مامۆستا هەژار بە بەرپرسیارێتییەوە سەرچاوە کۆنەکەی شەڕەفنامە دەخەینەوە ڕوو. هەروەها داوامان ئەوەیە جگە لە چاپ کردنەوەی شەڕەفنامە وەک خۆی، ئەو فەرهەنگە فارسی-کوردییەی کە هەژار لە لیستەی بەرهەمەکانی خۆیدا، لە چاپی دوومی شەڕەفنامەدا، ناوی بردووە بدۆزرێتەوە و بۆی چاپ بکرێت.


هیوادارین به شێوەیەکی وردتر کاری زیاتر له سەر بەرهەمە بەهاداره‌کانی هەژار بکرێت

له به‌شی کۆتایی وتاره‌که‌ی "عه‌باس غه‌زالی" دا هاتووه: هیوادارین له داهاتوودا به شێوەیەکی وردتر و پابەندتر، له لایەن کەسانی شارەزا کاری زیاتر له سەر ئەو بەرهەمە بەهادارانە بکرێتەوە. هیوادارین ئەو کارەی زانکۆی کوردستان - سنە، ببێته هاندەرێک بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان تاکوو هاوکارییەکی زیاتری ئەم جۆره کارانه بکات و بیانهێنیتە ناو واری پەروەردە و هونەر.

مه‌نسوور جیهانی