ڕوانگە - بە تۆمەتی كوشتنی كەسێك تۆمەتبارێك لەلایەن مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی پیرەمەگرونەوە دەستگیركرا.
سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند:"دوای ئەوەی بەیانی ئەمڕۆ زانیاری گەیشتە دەست مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی پیرەمەگرون كە لەگەڕەكی ئاسۆس لە شارۆچكەی پیرەمەگرون شەڕ ڕویداوەو كەسێك بریندارە، هێزەكانی پۆلیس دەستبەجێ گەیشتنە شوێنی ڕوداوەكەو بریندار بۆ نەخۆشخانە گواسترایەوە كە بەرد كێشرابوو بەسەریدا، بەڵام بەهۆی سەختی برینەكەیەوە گیانی لەدەستداوە."
وتیشی:"لێكۆڵینەوەو بەدواچوونەكانی پۆلیس بۆ دۆزینەوەو دەستگیركردنی تۆمەتبار دەستیپێكرد ، سەرەنجام توانرا لەماوەی كەمتر لە یەك كاتژمێر تۆمەتبار بدۆزرێتەوەو دەستگیربكرێت".
سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕونیکردەوە:"لە ئێستادا تۆمەتبار ( س، ح ، ع لەدایكبووی 1980 ) بەبڕیاری بەڕێز دادوەرو بەپێی ماددەی 405 لەیاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراوەو لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكە بەردەوامە.