ڕوانگە - لە ناوچەیەکی سنووریی شاری مەریوان سەر بە پارێزگای کوردستان، بەهۆی تەقینەوەی مینەوە دوو پاسەوانی ئێران کوژران و دوو سەربازی دیکەش بریندار بوون.
بەگوێرەی زانیاریەکان، ڕوداوەکە ئێوارەی دوێنێ هەینی لە ناوچەیەکی سنوری شاری مەریوان ڕویداوە، ڕوداوەکە لەکاتێکدابووە کە ئەو سەربازانە لەکاتی جێبەجێکردنی ئەرکی ئاسایی خۆیان و چاودێریکردنی سنوورەکەدا بوون."
فەرەج رۆستەمی، فەرماندەی پاسەوانی سنووریی پارێزگای کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "مینێکی بەجێماوی سەردەمی شەڕی ئێران-عێراق لە ناوچەی دەرە ناخیی مەریوان تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە دوو ئەندامی هێزەکانی پاسەوانی سنوور گیانیان لەدەستدا و ئەفسەرێک و سەربازێکی دیکەش بریندار بوون."
بەپێی راگەیێندراوەکە، هەردوو کوژراوەکە و بریندارێکی رووداوەکەی تەقینەوەی مین لە مەریوان، کورد و خەڵکی پارێزگای کوردستانن.
فەرماندەی پاسەوانی سنووریی کوردستان، ناسنامەی کوژراو و بریندارانی رووداوەکە ئاشکرا دەکات و دەڵێت، "لە رووداوەکەدا محەممەدڕەزا حورییەتپەسەند، خەڵکی شاری قوروە، سوهەیب عەزیزی، خەڵکی شاری بانە گیانیان لەدەستدا و ئەمانوڵڵا عەبدوڵڵاهی (ئەفسەر بە پلەی موقەدەم)، خەڵکی شاری خومەین لە پارێزگای مەرکەزی و سۆران شەریفی، خەڵکی شاری بانە بریندار بوون."