ڕوانگە - لە وتووێژی لەگەڵ پەیامنێری ڕوانگە، لەبارەی گرێبەستە نەوتییەکانی حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا ئەمەریکیەکان و هەروەها کاردانەوەی حکومەتی عێراقی لەبەرامبەر ئەوگرێبەستانە، سامان شاڵی چاودێری سیاسی ڕایگەیاند:"گرێبەستەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و دوو کۆمپانیایی ئەمەریکی لە بواری غازدا زۆر گرنگە، چونکە ئەو دوو کۆمپانیایە، ماوەی ١٥ ساڵە کاردەکەن و ئێستا تەنها هاتوون گرێبەستەکانیان فراوانتر کردووە، واتە تەنها لە بواری نەوتدا کارناکەن، بەڵکو لە بواری غازیشدا کاردەکەن."
وتیشی:" ئەو گرێبەستەی کە کراوە نوێ نییە، بەڵام ئەوەی کە تازەیە ئەوەیە کە بە فەرمی لە لایەن ئەمەریکاوە پشتگیری لێکرا و وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی وزەی ئەمەریکا و کۆشکی سپیش پشتگیری ئەم دوو گرێبەستەی کردووە کە بڕەکەی ١١٠ ملیار دۆلارە".
سامان شاڵی ڕونیشیکردەوە:"ئەم گرێبەستانە گرنگی خۆیان هەیە بەنیسبەت ئابووری هەرێمی کوردستانەوە و دەبێت بە هۆکاری بوژاندنەوەی ئەو ناوچانەی کە کێڵگەکانی تێدایە."
هەروها ئاماژەی بەوەشکرد، "لەڕابردوودا کار لەسەر ئەو گرێبەستانە کراوە، لەڕابردوودا دادگای کەرخ ڕایگەیاند کە ئەو گرێبەستانە هیچ گرفتێکیان تێدانییە."
سامان شاڵی باسی لەوەشکرد:" حکومەتی عێراق هیچ تانەیەکی نەداوە لەو گرێبەستانە کە لە ڕابردودا هەرێم لەگەڵ کۆمپانیا عەرەبیەکاندا کردویەتی، وە بەگوێرەی دەستوریش حکومەتی عێراق دەتوانێت لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان لەو کێڵگانەدا بکات، بەڵام بەداخەوە نەخۆیان وەبەرهێنان دەکەن، نە دەهێڵن حکومەتی هەرێمیش وەبەرهێنانیان تێدابکات."
سامان شاڵی چاودێری سیاسی، ئاشکرایشیکرد:" حکومەتی عێراق ئەم گرێبەستانە بە نادەستور دەزانێت، لەکاتێکدا دادگاکانی عێراق خۆیان دەڵێن هیچ گرفتێکی نییە، هەروەها بەگوێرەی ماددەی١١٢ی دەستوردا، دەڵێت، نەوت و غاز لەگەڵ هەرێمەکاندا بەهاوبەشی وەبەرهێنانی تێدا دەکرێت، وەدەبو حکومەتی هەرێمیش ئاگاداری حکومەتی ناوەندی بکردایەتەوە، بۆیە ئەمەی ئێستا دەیبینین کاردانەوەی حکومەتی ناوەندییە بەرامبەر بە حکومەتی هەرێم کە مووچەی فەرمانبەران ڕادەگرێت، بەتایبەت لەم کاتەدا کە تایی هەڵبژاردن هەیە لە بەغداد و لەم کاتەدا کێ دژی هەرێمی کوردستان کاربکات دەنگی زیاتر دتهێنێت."