ڕوانگە - لە دوو چالاكی جیادا و بەتۆمەتی دزیكردن، مەفرەزەكانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی كوردسات دوو تۆمەتباریان دەستگیركرد.
سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند:" دوای ئەوەی هاوڵاتییەك سكاڵای تۆماركرد كە مووەلیدەی كارەبایی لێدزراوە، مەفرەزەكانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی كوردسات لێكۆڵینەوەو بەدواداچوونەكانیان دەستپێكرد و دوای وەرگرتنی بڕیاری بەڕێز دادوەر توانرا تۆمەتبار بدۆزرێتەوەو دەستگیربكرێت.
وتیشی:"لە ئێستادا تۆمەتبار ( ع ، ر ، م) لەدایكبووی ١٩٧٦ دانی بەتاوانەكەیدا ناوەو بەبڕیاری بەڕێز دادوەرو بەپێی ماددەی ٤٤٦ لەیاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراوە.
سەرکەوت ئەحمەد ئاشکرایشیکرد:"لەچالاكییەكی تردا و لەلایەن نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی كوردسات و بەهاوكاری نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی ڕۆژئاواو لەسەر سكاڵای چەند هاوڵاتییەك، تۆمەتبارێك دەستگیركرا كە كێبڵی كارەبایی دزیبوو.
سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی باسی لەوەشکرد:"تۆمەتبار (م، س، خ) لەدایكبووی ١٩٩٢ دانی بەتاوانەكەیدا ناوەو بەبڕیاری بەڕێز دادوەری لێكۆڵینەوەو بەپێی ماددەی ٤٤٦ لەیاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراوە.