ڕوانگە - بەبۆنەی یادی 50 ساڵەی دامەزراندن و یۆبیلی زێڕینی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە، نێچیرەڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە بافڵ تاڵەبانی و سەرکردایەتیی حیزبەکە دەکات و ڕایدەگەیەنێت، "جەخت لە ئامادهيى و رۆڵی گرنگی یەکێتى لە پرۆسهى سياسيى ههرێمى كوردستان و عێراقدا دهكهينهوه. هیوادارین ئەم یادە ببێتە هاندەرێکی بەهێزى پتهوکردنی یەکڕيزيى نیشتمانی و پێکەوەیی لەنێوان هەموو لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتهکانی کوردستاندا".
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی رۆڵی مام جەلال ئاماژەی بەوەکرد، "لەم یادهدا بە رێزەوە دامەزرێنەری یەکێتی، خوالێخۆشبوو سەرۆک مام جەلال تاڵەبانی و هەموو ئهو شەهید و تێکۆشەرانه بەبیر دەهێنینەوە کە لە ریزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، قوربانیيان بۆ ئازادى داوه".
دەقی پەیامەکە:
بەڕێز بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
سڵاو و رێز..
له یادی (50) ساڵەی دامەزراندن و يۆبيلى زێڕينى یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، گهرمترين پيرۆزبايى پێشكهش به بەڕێزتان و سەرکردایەتی و تەواوی ئەندامان و جەماوەری یەکێتيی نيشتمانيى كوردستان دەکەم، هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی بەردەوامتان بۆ دەخوازم.
لەم یادهدا بە رێزەوە دامەزرێنەری یەکێتی، خوالێخۆشبوو سەرۆک مام جەلال تاڵەبانی و هەموو ئهو شەهید و تێکۆشەرانه بەبیر دەهێنینەوە کە لە ریزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، قوربانیيان بۆ ئازادى داوه. كاروانى پێنج دەیە خەبات و تێکۆشانى يهكێتى، شایستەی رێز و پێزانینە.
جەخت لە ئامادهيى و رۆڵی گرنگی یەکێتى لە پرۆسهى سياسيى ههرێمى كوردستان و عێراقدا دهكهينهوه. هیوادارین ئەم یادە ببێتە هاندەرێکی بەهێزى پتهوکردنی یەکڕيزيى نیشتمانی و پێکەوەیی لەنێوان هەموو لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتهکانی کوردستاندا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارييهكان، ههروهها بۆ کارکردنی هاوبەش لهپێناو پاراستنی دەستکەوتەکان و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستاندا و دڵنیابوون لە داهاتوویەکی باشتر بۆ گەلى كوردستان.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
2025/6/1