ڕوانگە - ئەندامێکی پێشووی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، چەند زانیارییەکی گرنگ لەبارەی مووچەی مانگی ئایاری مووچەخۆرانی هەرێمەوە دەخاتەڕوو.
هۆشیار عەبدوڵا، ئەندامی پێشووی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕایدەگەیەنێت:" نەناردنی مووچەی مانگی پێنج پەیوەندی بەهێزی بە خیلافاتی قووڵی نێوان هێزە شیعییەکانەوە هەیە ئەمەش بەهۆی نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی عێراقەوە، سودانی بەهۆی ئەو رەخنانەی لێیگیراوە پەیوەست بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی هەرێم، مەبەستی بووە نەینێرێ و ببێتە کێشە بۆ ئەوەی هێزەکانی ناو چوارچێوەی هاوپەیمانی تەکلیفی لێبکەن بەمەش خۆی لەو هێرشانە بپارێزی کە بەهۆی هەرێمەوە دەکرێتە سەری و بڵێ من نەمدەنارد ئێوە خۆتان داواتان لێکردم و سبەی لە ململانێی هەڵبژاردن و هەڵمەتی میدیاییدا خۆی پێ بپارێزێ.
وتیشی:" یەکێکی دیکە لە بابەتەکان ئەوەیە، ئەمریکییەکان لە چوارچیوەی سیاسەتە جێگیرەکەیان کە پەیوەندی دروست و ئارامی نێوان هەولێر و بەغدایە لەسەر هێڵن بۆ چارەسەری کێشەکە و لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق ڕۆچوونەتە ناو وردەکارییەوە، وردەکاری ئەوەی ئایا دیووە سیاسیی و داراییەکەی چۆن و بە کام ڕێکار چارەسەر دەکرێت، چەند ساڵێکە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا لەسەر هێڵە بۆ چارەسەری ئەو گرفتە تەکنیکی و هونەریانەی لەنێوان هەردوو وەزارەتی دارایی هەرێم و بەغدا دا هەن، ئەوان پێیان وایە یەکلابوونەوەی کێشە داراییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەبەرژەوەندی ئەو ستراتیژەی ئەواندایە کە عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە نەبێتە باخچەی پشتەوەی ئەجێندا ئابوریی و داراییەکانی ئێران".
هۆشیار عەبدوڵا، ڕونیشیکردەوە:"دوای ئەوەی دەرکەوت کە کاردانەوەکان توندن سەبارەت بە نەناردنی مانگی پێنجی هەرێم، بەشێک لەسەرکردەکانی شیعە بەتایبەتی ئەوانەی چاویان لەسەر سەرۆکایەتی حکومەتی داهاتووی عێراقە کەوتنە لێدوان و موزایەدەکردن بەسەر سودانییەوە، لەوانە حەیدەر عەبادی، قسەیکرد و گوتی «پێویستە مووچەی هەرێم بدرێت»، ئەوەش نیگەرانی زۆری سودانی بەدوای خۆیدا هێناوە و لە بیری ئەوەدایە بە رێگە چارەیەک رێگری لەو موزایەدانە بکات و بریاری یەکلاکەرەوە بدات بۆ سەرفکردنی مووچەی هەرێم لە یەک دوو ڕۆژی داهاتوودا. دۆخی سودانی لەناوخۆی ماڵی شیعەدا بەگشتی و بەتایبەتی لەگەڵ مالکی باش نییە و مەبەستیانە پێش هەڵبژاردن بە تەواوی بێهیوای بکەن لە خولی دووەمی سەرۆکایەتی حکومەتی عێراق.
«هەر بۆ زانیاری زیاتر ، بەشی زۆری ئەو لوغمانەی ناو یاسای موازەنە پەیوەست بە پشکی هەرێم لەوانە ئەژمارکردنی پشکی هەرێم لە سەر بنەمای خەرجیی راستەقینە «النفقات الفعلیة» لەسەردەمی عەبادی دانراون کە هەتا ئێستاش کێشە و گرفتی سەرەکی بەردەم پشکی هەرێمن لە ناو یاسای موازەنەدا!»
ئەندامەکەی پێشووی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاماژەی بەوەشکرد:" بەگشتی دوای ڕوداوەکانی سوریا، شیعەکانی عێراق ترسێکی زۆریان هەیە کە دەسەڵات و حاکمیەتیان بە ئامانج بگیرێ و بەهۆی هەر پریشکێکەوە بێت ئاگرەکە بگاتە عێراق و گۆڕانکاری ڕووبدات، لەو ڕوەوە هەموو جۆرە ئاڵۆزییەک؛ سیاسیی، ئەمنی، ئابوری، کۆمەڵایەتی و جەماوەری دەبەستنەوە بەو گریمانەیەی کە دەبێتە سەرەتای ئەو گۆڕانکارییە فراوانەی ڕوودەکاتە عێراق. لێرەوە هەوڵی چارەسەری هەر کێشەیەک دەدەن کە بزانن هێشتا لە کۆنترۆڵی ئەواندایە و دەرەقەتی دێن. بەڵام تاکەی دەتوانن خۆیانی لێ لابدەن و دوای بخەن ڕوون نییە و ڕەنگە ئەم هاوینە یەکلاکەرەوە بێت بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە گرنگە.
.