ڕوانگە- دوو تۆمەتبار بەتۆمەتی وەرگرتنی پارەی جەژنانە لەهاوڵاتیان بەناوی کۆمپانیای پاکەرەوە دەستگیرکران.
سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند:"پاش ئاگاداربوونی بەشی پۆلیسی فریاکەوتنی بەڕێوەبەرایەتیمان بەهەستانی دوو کەس لەشاری سلێمانی/گەڕەکی بەختیاری بەکۆکردنەوەو وەرگرتنی پارەی جەژنانە لەهاوڵاتیان بەناوی کۆمپانیای پاکەرەوەوە."
وتیشی:"دەستبەجێ مەفرەزەکانیان ئامادەی شوێنی ئەو هەڵسوکەوتە تۆمەتکارییە بوون و توانرا دوو تۆمەتبار دەستگیربکرێت و دەستبگیرێت بەسەر ئەو بڕە پارانەدا کە وەرگیرابوون".
سەرکەوت ئەحمەد ڕونیشیکردەوە:"پاش ڕادەستکردنیان بەبنکەی پۆلیسی بەختیاری و پاش ئەوەی دانیاننا بەئەنجامدانی تاوانەکەدا و بەبڕیاری بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی تایبەتمەند هەردوو تۆمەتباری بەڕەگەزنامە عەرەب ، هەریەک لە (م، ج، م - ض، ص، ن) ڕاگیران و لێکۆڵینەوە لەبابەتەکە بەردەوامە."
سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد:"بەپێویستی دەزانین لێرەوە هاوڵاتیان و دانیشتوانی خۆشەویستی پارێزگای سلێمانی ئاگاداربکەینەوە، بۆ ڕێگرتن لەدووبارەبوونەوەی ئەم هەڵسوکەوتە تۆمەتکارییە بەوریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتە بکەن و لەئەگەری ئاگاداربونیان لەئەنجامدانی هێڵەگەرمەکانی( 104 ٫ 105 ٫ 100) ئاگاداربکەنەوە."