ڕوانگە - لە وتارێکدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە 4ی حوزەیرانی 2025 پێشکەشی کرد، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، "بە هەوڵ و کۆششی پسپۆڕ و زانایانی ناوخۆیی، توانیومانە بگەینە قۆناخی خاوەندارێتیی سووتەمەنیی ئەتۆمی و ئێستا توانای بەرهەمهێنانی تەواوەتیی ئەو سووتەمەنیانەمان هەیە، کە تەنیا ژمارەیەکی کەم لە وڵاتانی جیهان ئەو توانایەیان هەیە.
ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕونیشکردەوە، "لەمەودوا بەردەوام دەبین لە پتەوکردنی تواناکانی گشتگیریی نیشتمانیمان، بەرگریکردن واتە رووبەڕووبوونەوەی هێزە گەورەکان و ملکەچ نەبوون بۆیان."
وتیشی، "زیاتر لە 1000 پیلانمان لە دژی وڵاتەکەمان پووچەڵ کردووەتەوە و وەڵامی هەندێکیان دراوەتەوە. پیلانەکان وڵاتەکەمانیان کردبووە ئامانج بۆ لاوازکردنی، بەڵام ئێمە لاواز نەبووین، بەڵکو تواناکانمان لە ناوخۆ و دەرەوەدا زیادیکرد."
ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕونیشیکردەوە، "پیلانەکانی دژ بە وڵاتەکەمان لەلایەن وڵاتانی خۆبەزلزان، لەپێش هەموویانەوە ئەمریکا و رژێمی زایۆنی، سەرکردایەتی دەکران."
رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەمریکا نایەوێت ئێمە خاوەنی بەرنامەی ئەتۆمی بین، بۆئەوەی پێویستمان پێیان بێت لە چەندین بواردا. تاران دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم نابێت، ئەمریکا دەیەوێت بەرنامە ئەتۆمییەکەمان هەڵبوەشێنێتەوە."