ڕوانگە - بەبۆنەی یادی یۆبێڵی زێڕینی دامەزراندنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و گەیاندنی پەیامی پیرۆزبایی کۆماری ئیسلامی ئێران ، سێشەممە ٣/٦/٢٠٢٥ وەفدێکی باڵای کونسڵخانەی ئەو وڵاتە لە هەولێر بەسەرۆکایەتی فەرامەرز ئەسەدی، سەرکونسڵی گشتی لە هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە راوێژکارو دیبلۆماتکارانی کونسڵخانەکە سەردانی بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان-یانکرد و لەلایەن سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەکتەبی سیاسی و وتەبێژی یەکێتی  پێشوازیکران.

فەرامەرز ئەسەدی، سەرکونسڵی گشتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە پەیوەندی دۆستانە و دێرینی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کرد ، هاوکات تیشکی خستەسەر رۆڵی خواڵێخۆشبوو سەرۆک مام جەلال لە بنیادنان و پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییانە و زیاتر هەماهەنگی و دۆستایەتی نێوان هەردوولا.

وتیشی: یەکێتی نیشتیمانی کوردستان مێژوویەکی پڕ لە خەبات و تێکۆشان و قوربانی هەیە لە پێناوهێنانەدی ئازادی و دیموکراسی و مافی مرۆڤدا، کۆماری ئیسلامی ئێران بەبایەخ و رێزلێنانەوە دەڕوانێتە ئەو خەباتە دوور و درێژە و هیواخوازی زیاتر هەماهەنگی و پەیوەندی دۆستانەین.

سەعدی ئەحمەد پیرە سوپاسی هاتن و بەشداریکردنی وەفدی کونسڵخانەی کۆماری ئیسلامی ئێرانی کرد و هیوای خواست ئەم بەشداریەش وێستگەیەک بێت بۆ نوێکردنەوەی ئەو پەیوەندییە مێژوویی و دێرینەی لەنێوان هەردوولادا هەیە، ئاماژەشی بە رۆڵ وگرنگی کۆماری ئیسلامی ئیران کرد لە پشتیوانی کردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە قۆناغە جیاوازەکانی خەباتی شۆڕشگێرانەی گەلەکەمان بەگشتیی و شۆڕشی نوێ بە ڕابەرایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە تایبەتی، هەر بەم بۆنەیەوە کونسڵخانەی کۆماری ئیسلامی ئیران لە هەولێر پەیامێکی پیرۆزبایی بەنووسراو بەبۆنەی یۆبێڵی زێڕینی یەکێتی نیشتییمانی کوردستان ئاراستەی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی و سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کرد.