ڕوانگە - دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاند:"لەم جەژنەدا، بەهۆی بەبارمتەگرتنی هەموو خەڵکی کوردستان لەلایەن دەسەڵاتدارانی ناوخۆیی و عیراقی فیدراڵەوە، لەسەر ئەو تەرزەی ((تاوانی نانبڕینی کەسێک، لە سەربڕینی ئەو کەسە؛ گەورەترە))، تەنها بەڕێزەوە ڕێز لە ئەرک و سروت و نەریتە ئاینییە باڵاو باوەکانی کۆمەڵگاکەمان دەگرین و، نزای حەجێکی وەرگیراو بۆ حاجیان و، بەهێزبوونی ئیرادەو خۆڕاگریی و پێکەوەکارکردنی هەمووان بۆ تێپەڕاندنی لوتکەی نابەرپرسیارێتیی و ترۆپکی ستەمکاریی، بۆ هەموو ئێوەی خۆشەویست دەکەین.
وتیشی:"دڵنیاتاندەکەینەوە هەموو دامەزراوەکانی حکومەتی خۆجێی سلێمانی لە خزمەتی هاووڵاتیاندا دەبن.
دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی ڕونیشیکردەوە:"وەک ناڕەزایەتییەک بۆ ئەو دەسەڵاتحوکم و دەسەڵاتدەوڵەتەی هەیەو بانگەشەی مافی هاووڵاتیی و ئایینداریی و پێکەوەژیان دەکەن؛ هیچ ڕێوڕەسمێکی فەرمیی جەژن بەڕێوەنابەین.