ڕوانگە - کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، هیچ حاڵەتێکی سەلمێندراوی کڕین و فرۆشتنی کارتی دەنگدان رووینەداوە و هەرکەسێک هەوڵی کڕینی دەنگی هاوڵاتییان بدات، سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمار دەکرێت.
وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، هەینی ٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٥، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا وتی، ئەگەر سکاڵایان پێبگات سەبارەت بە هەوڵی کڕینی دەنگی هاووڵاتییان، لە رێگەی دادگاوە سکاڵای یاسایی لە دژی ئەو کەسە دەجووڵێنن بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ تێکدانی رێکارەکانی کۆمیسیۆن.
هەروەها، عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی راگەیاندنی کۆمسیۆن باسی لەوەکردووە، کە هەواڵی فرۆشتنی کارتی دەنگدان بە کاندیدەکان بە ٤٠٠ هەزار دینار، دووربووە لە راستییەوە و تائێستا هیچ بەڵگەیەک لەسەر هیچ فرۆشتن و کڕینێک نییە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، کارتی بایۆمێتری بە بەڵگەنامەیەکی فەرمی دادەنرێت، هەر بەکارهێنانێکی نایاسایی تاوانە، ئەو کەسانەی تێوەدەگلێن بەپێی یاسا لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت، جا ئەو هاوڵاتییە بێت یان ئەو کەسەی کارتەکەی بەدەستهێناوە، هەردووکیان رەوانەی دەسەڵاتی دادوەری دەکرێن.
وتیشی، لە هەڵبژاردنی ئەمساڵدا، کار لەسەر تەکنەلۆجیای ناسینەوەی رووخسار بۆ دەنگدەران دەکرێت، نەک تەنها پشت بە پەنجەمۆر ببەسترێت، ئەمەش بەمەبەستی دوورکەوتنەوە لەو کێشانەی کە بەهۆی نەناسینەوەی پەنجەمۆرەوە دروستدەبوون.
ئەوەش لە کاتێکدایە، بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، رۆژی ١١ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت.