ڕوانگە - لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە دوێنێ هەینی ٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٥ ئەنجامیدا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند:"بەگوێرەی ئەو پێشنیازەی کە بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ تاران دا کردومانە وابڕیارە، تاران یۆرانیۆم نەپیتێنێت، خۆ ئەگەر هاتوو ئەوکارەبکەن، ئەوا ئێمە بە ڕێگەیەکی دیکە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەین.

ئەم پێشنیازەی کۆشکی سپی لە کاتێکدایە بەشێک لە میدیای ئەمریکی دەڵێن، ئەو پێشنیازەی ئەمریکا پێشکێشی ئێرانی کردووە، ئەو مافەی پێ دەدات.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕونیشیکردەوە:" ئێمە دەخوازین لەڕێگەی ڕێککەوتنی دیپلۆماسییەوە ئەو کێشەیه چارەسەربکەین و  نامەوێت رێگەکەی دیکە هەڵبژێرم، بەڵام وا دیارە هیچ بژاردەیەکی دیکەمان نابێت."
 
لای خۆشیەوە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند:" کاتی بەڕێوەچوونی گەڕی داهاتووی دانوستاندنەکانی نێوان وڵاتەکەی و ئەمریکا لەبارەی پڕۆگرامی ئەتۆمیی تاران دیاری نەکراوە، بەڵام لە داهاتوویەکی نزیکدا ئێران وەڵامی پێشنیازەکەی ئەمریکا دەداتەوە.
 
وتیشی، "پێشنیازێکمان لە ئەمریکاوە پێگەیشتووە و لە رۆژانی داهاتوودا لەسەر بنەمای پرەنسیپە سەرەکییەکانی کۆماری ئیسلامی و لە چوارچێوەی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی ئێران وەڵامیان دەدەینەوە، ئەوەش دوای ئەوەی وەزیری دەرەوەی عومان کات و شوێنی گەڕی داهاتووی دانوستاندنەکان دیاری دەکات."
 
وەزیری دەرەوەی ئێران ڕونیشیکردەوە:" تاران خوازیاری بەرنامەیەکی ئاشتییانەی ئەتۆمییە و نایانەوێت چەکی ئەتۆمی دروست بکەن.