ڕوانگە - شەڕ و ئاڵۆزییەکان دوای کۆتایهاتنی دەسەڵاتەکەی بەشار ئەسەد لە سوریا، هێشتا بەردەوامییان هەیە و بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی رێکخراوی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، تائێستا
حەوت هەزار و 670 کەس لەو وڵاتە کوژراون.
خەونەکان بۆ دروستکردنی سوریایەکی ئارام و دور لە شەڕو کوشتن هێشتا بەدی نەهاتوون و نەک نە توانراوە سیستمێکی مەدەنی جێگیر دروستبکرێت، بەڵکو بەپێچەوانەوە تیرۆرکردن و پاکتاوکردنی کەسایەتییە سیاسی، سەربازی و ئایینییەکان شەڕی گرووپەکان زیادیان کردووە.
لە ڕاپۆرتێکدا کە رێکخراوی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردۆتەوە، دوایتێپەڕبونی شەش مانگ بەسەر ڕوخانی دەسەڵاتەکەی ئەسەددا، 7670 کەس کوژراون، واتە تەنها لە ماوەی نێوان 8ـی کانوونی یەکەمی 2024 تاوەکو 6ـی حوزەیرانی 2025، لە ئەنجامی بەردەوامیی تووندوتیژی و پێشێلکارییەکان لەلایەن لایەنە ناوخۆیی و دەرەکییەکانەوە، سەرەڕای "ئاڵۆزییە ئەمنییە گەورەکە".
لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو:" لەنێو قوربانییەکاندا، پێنج هەزار و 784 هاووڵاتیی مەدەنی کوژراون، کە 306 منداڵ و 422 ئافرەتیان تێدایە، ئەمەش ناسکیی دۆخی ئەمنی و زیادبوونی مەترسی لەسەر چینە لاوازەکانی کۆمەڵگا نیشان دەدات.
رێکخراوی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئاماژەی بەوەکردووە:"بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە،
هەوڵێکە بۆ بەشداریکردن لە ئاشکراکردنی واقیع و هاندانی لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ گرتنەبەری هەنگاوی جیدی بەرەو لێپرسینەوە و پاراستن.