ڕوانگە - تاران بە وریاییەوە چاودێری کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ دووشەممە ٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٥ی ئەنجوومەنی پارێزگارانی ئاژانسی وزەی ئەتۆم دەکات و بەرپرسانی باڵای ئێران ڕایدەگەیەنن، ئەگەر لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا هەربڕیارێک دژی تاران دەربچێت، ئەوا بەدڵنییاییەوە تاران. پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵیان سنوردار دەکات.
وەها چاوەڕێ دەکرێت، لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا هەریەک لە ئەڵمانیا و فەرەنسا و بەریتانیا، ئەمەریکا، سوربن لەسەر ئەوەی پڕۆژە بڕیارێک دژی ئێران بخەنەڕوو، لەکاتێکدا، ڕۆژی هەینی بەرپرسانی تاران هۆشداری پێدابوون کە نابێت هیچ هەڵەیەکی ستراتیجی ئەنجامبدەن، ئەم بارگرژییە لە کاتێکدایە، تاران و واشنتن لە گفتوگۆدان بۆئەوەی رێککەوتنێکی نوێ تایبەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران واژۆ بکەن.
بەهرۆز کەمالوەندی، وتەبێژی ئاژانسی وزەی ئەتۆمیی ئێران لە بارەی کۆبوونەوەکەی ئاژانسەکەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ڕایگەیاند: " نابێت ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی چاوەڕێی ئەوە بێت کۆماری ئیسلامی لە هاوئاهەنگیی گشتگیر و دۆستانە لەگەڵی بەردەوام بێت."
رۆژی پێنجشەممە، سەرچاوە دیپلۆماسییەکان ئاماژەیان بەوە کرد، سێ وڵاتە ئەورووپییەکە لەگەڵ ئەمریکا سوورن لەسەر سەرکۆنەکردنی ئێران و گواستنەوەی دۆسیەی بەرنامەی ئەتۆمی بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەگەر تاران ئامادە نەبێت "هاوئاهەنگی تەواو" لەگەڵ ئاژانسەکە بکات کە مەبەست لێی ئاشکراکردنی هەموو چالاکییە ئەتۆمییەکانییەتی.
پێشتر ئاژانسە چاودێرەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتێکدا ئێرانی سەرکۆنەکرد لە بەرامبەر ئەوەی کە وەک پێویست هاوئاهەنگی لەگەڵ نەکردووە و لە هەمان کاتدا تۆمەتباری کرد بەوەی بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی زیادکردووە.