ڕوانگە - ئیسرائیل ڕێگری دەکات لە گەیاندنی هەر هاوکارییەکی مرۆڤی کە بگاتە کەرتی غەززە و هەر لەوچوارچێوەیەشدا، دەستی بەسەر یه‌ختی (مادلین)دا گرتووە کە ویستویەتی کۆمەک و هاوکاری بگەیەنێتە دانیشتوانی غەززە.

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئیسرائیل لەڕاگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، ده‌ستیان به‌سه‌ر یه‌ختی (مادلین)دا گرتوه‌ كه‌ به‌مه‌به‌ستی گه‌یاندنی هاوكاری ڕوی له‌غه‌ززه‌ كردبوو.

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئیسرائیل ئاشکرایشیکردووە، سه‌رنشینه‌كانی ئه‌و یه‌خته‌ بۆ وڵاته‌كانیان ده‌گه‌ڕێندرێنه‌وه‌و ڕێگه‌ به‌گه‌یاندنی به‌شێكی كه‌م له‌هاوكارییه‌كان بۆ غه‌ززه‌ ده‌ده‌ن.

 یەختی مادلین کە لەیەکی حوزەیرانی ئەمساڵ لەدورگەی سیسیلیاوە گەشتەکەی بۆ کەرتی غەززە دەستپێکرد، 12 سەرنشینی هەڵگرتوە، یەکێك لەسەرنشینەکانیش گرێتا تونبێرگ چالاکوانی سویدییە.

چالاکوانەکان خوازیاری ئه‌وه‌بون گەمارۆی ئیسرائیل لەسەر کەرتی غەززە بشكێنن‌و هەندێك پێداویستی وەك خۆراك بۆ منداڵان‌و پێداویستیی تەندروستی بگەیه‌ننه‌ کەرتی غه‌ززه‌.

سوپای ئیسرائیلیش ڕایگه‌یاندوه‌، هێزی کۆماندۆی دەریایی دەستی بەسەر بەلەمەکەدا گرتوەو گواستویەتیەوە بۆ بەندەری ئوسدود.

دەزگای پەخشی سوپای ئیسرائیل وتویه‌تى، زانیاریی سەرەتایی لەچالاکوانەکان وەرگیراوە، بۆئەوەی دواتر لەبنکەیەکی سەر بەهێزی دەریایی لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.

ڕیما حەسەن ئەندامی پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا کە یەکێکبوو لەخۆبەخشەکانی نێو بەلەمەکە، ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا ئاماژە بەوەدەکات، هێزەکانی ئیسرائیل گەیشتونەتە نزیک بەلەمەکەیان.
 
هەروەها فرانچیسکا ئەلبانیزی ڕاپۆرتدەری نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لەفەڵەستین لەپۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا باسی لەوەکرد، تیمی بەلەمەکە بەسەربازانی ئیسرائیلیان ڕاگەیاندوە، ئەوان یارمەتیی مرۆییان بۆ غەززە پێیەو دەیانەوێت بەئاشتییانە بڕۆنە شوێنی مەبەست.
 
فرانچیسکا ئەلبانیزی ئاماژەی بەوەکرد، بەلەمی مادلین هیچ مەترسییەکی لەسەر ئاسایشی ئیسرائیل نییەو تەلئەبیب هیچ دەسەڵاتێکی نییە دەستبەسەر بەلەمەکەدا بگرێت لەسنورە ئاوییە نێودەوڵەتییەکاندا.
 
دوێنێ یسرائیل کاتس وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند، فەرمانی بەسوپا کردوە، ڕێگە بەبەلەمی مادلین نەدەن بگاتە غەززەو هەموو ڕێگەیەک دژیان بگرنەبەر کە هەوڵی شکاندنی گەمارۆکە دەدەن.