ڕوانگە - لە وتوێژی لەگەڵ پەیامنێری ڕوانگە، لەبارەی پلان و ئامادەکارییەکانی دەستەی گەشت و گوزاری هەرێمی کوردستان، بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران لە ڕۆژانی جەژن و، هەروەها هەوڵەکانیان لەداهاتوودا بۆ خزمەتکردنی زیاتری کەرتی گەشت و گوزراریی لە هەرێم

ئیبراهیم عەبدولمەجید وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند؛"لەڕۆژانی جەژندا ئامادەکاری تەواومان کردووە بۆ پێشوازیکردن لە هاتنی گەشتیاران، چ لەسەر ئاستی کەرتی حکومی، چ لەسەر ئاستی کەرتی تایبەت، هەروەها هەماهەنگییەکی تەواو هەیە لەنێوان لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

وتیشی:" ئاسایشی بازگەکان ئاسانکاری تەواویان کردووە بۆ هاتنەناوەوەی گەشتیاران، وەهەروەها چەندین تیم و لیژنەی جیاواز پێکهێنراون بۆئەوەی لە نزیکەوە چاودێری بارودۆخەکەبکەن.

ئیبراهیم عەبدولمەجید، ڕونیشیکردەوە:"هەمو هەوڵێک دەدرێت بۆئەوەی کەشێکی ئارام و لەبار بۆ گەشتیاران بڕەخسێنرێت، وە تائێستاش خۆشبەختانە پلانی پێشوازیکردن لە گەشتیاران بە سەرکەوتووی جێبەجێ کراوە و هیچ ڕوداوێکی نەخوازرا و ڕوی نەداوە و بەپێی ئەو فیتباگەی کە لە تیمەمەیدانییەکان وەرمانگرتووە ژمارەیەکی زۆری گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی کوردستان،

وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری
هەرێمی کوردستان باسی لەوەشکرد:"ساڵانە پرۆژەی نوێ و چالاکی گەشتیاری نوێ ئەنجام دەدرێت، بۆ نمونە ساڵی ڕابردوو ٢٨ پرۆژەی گەورەی گەشتیاری لەسەرانسەری هەرێمی کوردستاندا ئەنجامدراون، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە چالاکییەکان ئەمساڵ زۆرتر و فرەچەشنەتر بوون، کە هەموو ئەمانە وادەکەن ساڵ لەدوای ساڵ ڕێژەی گەشتیاران بۆ هەرێمی کوردستان زیاترببێت.

ئیبراهیم عەبدولمەجید وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری
هەرێمی کوردستان ڕونیشیکردەوە:" بۆ داهاتووش ئێمە پشت دەبەستین بە پلانی هەشت ساڵەی گەشت و گوزار، کە خۆی دەبینێتەوە لە پەرەپێدانی ژێرخان و و پەرەپێدانی جۆرەکانی گەشت و گوزاری، هەروەها زیادکردنی چالاکییە گەشتیارییەکان و هەموو ئەوبابەتانەی کەوادەکەن سەرنجی زیاتری گەشتیاران بۆ هەرێمی کوردستان ڕابکێشێت.