ڕوانگە - لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی دەرەوەی ئێران بڵاویکردەوە، وابڕیارە ڕۆژی یەكشەممەی داهاتوو خولێكی نوێی دانوستان لەگەڵ ئەمریكا بەڕێوەبچێت، ئاماژەی بەوەشکرد، "پێشنیازی جێگرەوە بۆ رێككەوتن لەگەڵ واشنتۆن دەخەینەڕوو" . 

ئەمڕۆ سێشەممە ١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٥، ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: بڕیارە یەکشەممەی داهاتوو خولی داهاتووی دانوستانەکانی ناڕاستەوخۆی نێوان ئێران و ئەمریکا لە شاری مەسقەت بەڕێوە بچێت، ئەوەش دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە بەڕێوە دەچێت.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ڕونیشیکردەوە:" تاران بەم نزیکانە لە رێی عومانەوە پێشنیازێک دەخاتە بەردەم لایەنی ئەمریکی و دەبێت ئەمریکا ئەم دەرفەتە بقۆزێتەوە.

ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێران لە زاری سەرچاوەکانەوە بڵاویکردەوە: ئێران لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوودا وەڵامی فەرمی خۆی بۆ پێشنیازی ئەمریکا بۆ گەیشتن بە رێککەوتن دەخاتە ڕوو، وەڵامەکە بە نوسراو دەبێت و لە رێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە دەگەیەنرێت.

رونیشیکردەوەتەوە: چاوەڕوان دەکرێت ئێران لە وەڵامەکەیدا پێشنیازێکی جێگرەوە بۆ رێککەوتنەکە بخاتەڕوو، کە بریتییە لە پاراستنی بنەمای پیتاندنی یۆرانیۆم لەسەر خاکی ئێران، لەگەڵ گرتنبەری هەنگاوی پێویست بۆ رەواندنەوەی مەترسی و بانگەشەکانی ئەمریکا، لە بەرامبەر هەڵگرتنی چالاكانەی سزاکان.