ڕوانگە - بەتۆمەتی کوشتن و لەسەر بنەمای بڕیاری بەڕێز دادوەری تایبەتمەند، مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیمان دوو تۆمەتباریان دەستگیرکرد.
سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند:"دوای ئەوەی بڕیاری دەستگیرکردنی دوو تۆمەتبار لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر گەیشتە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی تایبەت بە دەستگیرکردنیان کە تۆمەتباربوون بەکوشتن و بەرەو شاری سلێمانی هەڵاتبوون، دەستبەجێ هێزەکانی پۆلیس لێکۆڵینەوەکانیان دەستپێکردو توانرا هەردوو تۆمەتبار دەستگیربکرێن. هەروەها دەستگیرا بەسەر ئوتۆمبێلێک لەجۆری (کیا) کە لەکاتی هەڵاتنیاندا بەتۆمەتباران بووە."
وتیشی:"تۆمەتباران (ف، م، ح لەدایکبووی ١٩٨١ - ع، م،ح لەدایکبووی ١٩٨٥) لەئێستادا بەبڕیاری بەڕێز دادوەری تایبەتمەندو بەپێی ماددەی (٤٠٥) لەیاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراون."
سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕونیشیکردەوە:"پاش گرتنەبەری ڕێکارە یاساییەکان و ئامادەبوونی مەفرەزەیەکی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، تۆمەتباران ڕادەستی مەفرەزەکە کرانەوە."