ڕوانگە - کەوتنەوەی ئاگرێکی گەورە لە  شاخی دەلوچەی سەربە شارۆچکە قەرەداخ لە پارێزگایی سلێمانی، لە دوێنێ سێشەممە ١٠ی حوزەیرنی ٢٠٢٥ ەوە، هەموانی نیگەران کردووە، هاونیشتیمانیان و هێزەکانی پۆلیس و بەرگری شارستانی لەهەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەدان، خۆشبەختانە ئەمڕۆ چوارشەممە توانرا بەتەواوەتی ئاگرەکە کۆنترۆڵبکرێت،قایمقامی ناحییەکەش ڕایدەگەیەنێت:" پێشبینی دەکەین زیاتر لە ٢٥٠ دۆنم زەوی سووتابێت

شیرین مەحموود، قایمقامی شارۆچکەکە ڕایگەیاند،
لەدوێنێوە تیمەکانی بەرگری شارستانی بەهاوکاری هاونیشتیمانیان لە هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەدان و خۆشبەختانە ئەمڕۆ توانرا ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکرێت."

وتیشی:" لێکۆڵینەوە لە هۆکاری رووداوەکە بەردەوامە و تیمە جیاوازەکان توانیویانە ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن. ئاماژەی بەوەش کرد، پێشبینی دەکەین زیاتر لە ٢٥٠ دۆنم زەوی سووتابێت."
 
قایمقامی شارۆچکەی قەرەداخ باسی لەوەشکرد:" بەهۆی بەتینی ئاگرەکە و دوکەڵی چڕەوە ژمارەیەک لەو کەسانەی کە دەیانویست ئاگرەکە بکوژێننەوە توشی هەناسە تەنگی بوون و دەستبەجێ رەوانەی نەخۆشخانە کراون؛ لێکۆڵینەوەش لە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە دەستیپێکردووە.

شیرین مەحموود ڕونیشیکردەوە:" ئەوەی وایکرد نەتوانێت ئاگرەکە بەزوی کۆنترۆڵبکرێت ئەوەبوو، کە ئامێری پێشکەوتومان نەبوو بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە و هەروها ناوچەکە، ناوچەیەکی زۆرسەخت و دژوارە و لەگەڵ ئەوەشدا بایەکی بەهێز هۆکاربوو بۆئەوەی بەئاسانی ئاگرەکە کۆنترۆڵ نەکرێت."