ڕوانگە - وەفدێکی ئێرانی سەردانی کەمپ و بارەگا چۆڵکراوەکانی حزبە کوردییە ئێرانییەکان و هەروەها کەمپی نوێ و کاتی کە بۆ نیشتەجێ بوونی ئەوان ئامادەکراوە، کردووە و کۆمەڵە و دیموکرات وێڕای ئاگاداربوون لەو سەردانە، داوایان لە کۆماری ئیسلامی ئێران کردووە لەگەڵیان دانوستان بکات.

بەگوێری گرتەیێکی ڤیدیۆیی کە بۆ یەکمجار بڵاوکراوەتەوە، لەم دواییانەدا وەفدی دیپلۆماسی، سەربازیی و ئەمنیی ئێران چوونەتە بارەگاکانی حزبە کوردییە ئێرانییەکان لە خاکی هەرێمی کوردستان.

"إيران بالعربية" به گێڕانەوە لە بەرپرسێکی باڵای ئەمنیی عێراق، ڕایگەیاند: لە چوارچێوەی جێبەجێ کردنی ڕێککەوتنی ئەمنیی نێوان ئێران و عێراق ٢٥ و ٢٦ی ئایاری ٢٠٢٥ بۆ جارێکی دیکە وەفدێکی دیپلۆماسی، سەربازیی و ئەمنیی ئێران چوونەتە بارەگای حزبە کوردییەکانی دژبەری ئێران لە هەرێمی کوردستان.

بارەگا چۆڵکراوەکان و هەروەها بارەگا کاتی و دەوردراوەکانی حزب کوردییەکانی ئێران لە لایەن وەفدی ئێرانییەوە بەسەرکرانەوە.

بارەگاکانی ئەمیریە، ئازادی، زوی سپی، دێگەڵە، هەیبەت سوڵتان و قەڵای دیموکرات و زڕگوێزی کۆمەڵە و بارەگای شەمزینی پاک و کەمپی کاتیی نیشتەجێ کردنی سورداش لە بالیسان بەسەرکرانەوە.

بە گوێرەی ئەم ڕاپۆرتە، چەکی سووک و مام ناوەندی وەرگیراو لە حزبە کوردییەکان پێشانی وەفدی ئێرانی دراون.

لایەنی ئێرانی ڕایگەیاندووە لە درێژەی جێبەجێ کردنی ڕێککەوتنی ئەمنی لەگەڵ لایەنی عێراقی، بڕیارە زۆربەی ئەندامانی حزبە کوردییەکان بخرێنەبەر لێبوردنەوە و بگەڕێنەوە ئێران و هەندێ ئەندام کە تاوانیان ئەنجام داوە بۆ ئێران بگەڕێندرێنەوە و ژمارەیەک لە سەرکردەکانی ئەو گرووپانە لە عێراق دەربکرێن و بڕۆنە ئەورووپا.

لە ساڵی ٢٠٢٦ دا هیچ کەمپێکی کاتی یان دەوردراو بە ناوی حزبی کوردی ئێرانی لە خاکی عێراق بوونی نامێنێ.

هێشتاکە بەرپرسانی ئێرانی هیچ کاردانەوەیەکیان بەم بەسەرکردنەوە لەپێش ڕانەگەیێندراوە نەبووە، بەڵام کۆمەڵە و دیموکرات ئاگاداری ئەو بەسەرکردنەوە بوونە و داوای دانوستانیان لە لایەنی ئێرانی کردووە.