ڕوانگە - لە وتوێژی لەگەڵ پەیامنێری ڕوانگە لەبارەی هێرش و پەلامارەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و بەشێک لە وڵاتانی ناوچەکە و هەروەها بێدەنگی وڵاتانی ئیسلامی بەرامبەر بە هێرشەکانی ئیسرائیل و هەروەها بەرنامەی ئیسرائیل لە درێژەدان یاخود کۆتایی پێهێنان بەجەنگ، مەسعود عەبدولخالق نوسەر و چاودێری سیاسی ڕایگەیاند:" بۆ تێگەیشتن لەو پرسانە پێویستە بڕێک بگەڕێینەوە بۆ دواوە بۆ پاشخانی ئەو پاڵنەرانەی کە ئەو هێرش و پالامارانەی ئێستا لەناوچەکەدا هەیە، لەڕاستیدا نەخشە و پلانەکە بەوجۆرەیە، ئایە چەند سەردەگرێت یاخود نا ئەوە بابەتێکی دیکەیە."
وتیشی:" چۆن لە کۆتایی سەدەی بیست لە جەنگی جیهانی یەکەم ئاخیر سەنگەر عوسمانیەکان بوون کە خۆیان بەدەستەوەدا و ناوچەکە بەپێی ڕێککەوتنی سایکس بیکۆ و سیڤەر دابەشکرا، ئێستاش بەهەمان شێوە ئەو نەخشەو پلانەیە دەبێت جێبەجێ بکرێت، چونکە لە ڕێککەوتنی سایکس بیکۆ و سیڤەر نەخشەیان بۆ داهاتووی ئیسرائیل دانا، ناوچەکە وەها داڕێژا کە جێگەی ئیسرائیلیش لە ناوچەکەدا ببێتەوە، لەمەدا زۆر سەرکەوتووبون، عوسمانییەکان خۆیان بەدەستەوەدا و ناوچەکە دابەشکرا، بۆیە ئەمجارەش ئامانجەکە بەهەمان ئەوجۆرەیە، بەڵام بە جۆرێکی دیکە، ئێستا زۆربەی جیهانی ئیسلامی خۆیان بەدەستەوەداوە، بەڵام ئەوەی کە بەرگری دەکرد لایەنە ئیسلامییەکان و بەشێک لە ئیخوان موسلمین و ئەوانەبوون کە نزیکبوون لە ئێرانەوە و خۆیان بەدەستەوەنەدا."
مەسعود عەبدولخالق٫ ڕونیشیکردەوە:" وڵاتانی عەرەبی خۆیان بەشێک لە ئیخوان موسلیمین و بزوتنەوە ئیسلامییەکانیان چارەسەرکردووە و بەشێکیان لەناوبراون، تەنها ئێران و بەشێک لە هاوپەیمانەکانی مابون، بەڵام ئیسرائیل و ئەمەریکا خۆیان ڕاستەوخۆ جەنگیان دژی ئەو هێزانە بەرپاکرد و توانیان گورزی گەورەیان لێ بدەن، بۆیە ئێستا ئاخر سەنگەر پەلاماری ئێرانە بۆئەوەی بەهەمان شێوە هیچ سەنگەرێک نەمێنێت لە عەرەبی ئیسلامی کە خۆیان بەدەستەوەنەدەن،"
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئیسرائیل بەتەنها نییە لەو پرۆژەیەدا و بەشێکی زۆر لە وڵاتانی ئەوروپا و وڵاتانی کەنداو و ناوتۆی لەگەڵدایە، بۆیە پرۆژەکە پرۆژەیەکی زۆر گەورەیە و ئاسان نییە باسی هەموو ئەو بابەتانە بکرێت، وەک ئەوەی بوترێت ئەمە کێشەی تەنها نێوان دوو دەوڵەتە، بەڵکو جەنگەکە جەنگێکی جیهانییە، بەڵام شێوەی جەنگەکە زۆر جیاوازە لەگەڵ جەنگەکانی پێشوو، بۆیە بەدڵنیاییەوە ئەگەر ئێران کۆتایی پێبێت، ئەوا مانای ئەوەنییە بڵێین جەنگ کۆتای پێهات، بەڵکو بەپێچەوانەوە نۆرەی زۆر سەنگەری دیکەدێت و ئیسرائیل بەو جۆرە خۆبەدەستەوەدانەی جیهانی ئیسلامی کۆڵنادات."
لەوەڵامی ئەوپرسیارەی کەئایە بۆچی تائێستا ئەمەریکا لەجەنگی ئیسرائیل بەرامبەر بە ئێران بێدەنگی هەڵبژاردووە و خۆی بەتەواوەتی یەکلای نەکردۆتەوە؟ مەسعود عەبدولخالق نوسەر و چاودێری سیاسی ئاشکرایکرد:" لەجەنگی جیهانی یەکەم هاوپەیمانانی جیهان بەتەواوەتی خۆیان هاتبونەمەیدان، بەڵام ئێستا بەهەرجۆرێک بێت کە ئیسرائیلیان زۆر بەسەرکەوتووی لەناوچەکەدا دروست کردووە و ئێستا کارێکی زۆرباشیان بۆدەکات، بۆیە ئەو بەکاردەهێنن، بەڵام هەموو جیهانی ڕۆژئاوا و زۆربەی زۆری وڵاتانی دیکە لەگەڵ ئیسرائیلن، لەبەرئەوە ڕەنگە ئەمەریکا بۆخۆی تەداخولی ڕاستەوخۆنەکات، لەبەرئەوەی دیموکراتەکان و کۆماریەکان یەکهەڵوێست نین لەسەر ئەم جەنگە، وە ترەمپ هەرچی لەبارەی ئاشتییەوە وت پێچەوانە بویەوە، ڕەنگە زۆر شەڕی دیکەش بەرپاببێت."
مەسعود عەبدولخالق نوسەر و چاودێری سیاسی باسی لەوەکرد:"دوای ئەو هەنگاوە کە ئێستا ئێسرائیل بەرامبەر ئێران گرتویەتییەبەر، ئەوەی دەمێنێتەوە تورکیایە، چونکە تورکیا بونی هەیە لە هەریەکە لە سوریا و عێراق و لە ئازەربایجان و دەریای ناوەڕاست تادەگاتە لیبیا، بۆیە دەبێت تورکیا لەوناوچانە پاشەکشەبکات بۆناو خاکی تورکیا، واتە شتێک لە جیهاندا نامێنێت بەناوی پاڵپشتی جوڵانەوەی ڕزگاری خواز یان ئیسلامی و بەرنامەکەیان بەوجۆرەیە کۆتایی بەو جۆرە دەسەڵاتانە بهێنن، وەک چۆن هێشتیان تاڵیبان بێتەوە ناو ئەفغانستان بەومەرجەی چەندخاڵێک هەیە دەبێت کۆتایی پێبهێنێت لەوانە: نابێت هیچ پەیوەندییەکی بەدەرەوەی وڵاتی خۆی نەبێت و بینیمان سێ ساڵە شەڕە لەغەززە، کەچی تالیبان یەک قسەی لەبارەی غەززەوە نەکردووە، کەواتە لێرە بەدواوە ئەوەی ئیسرائیل و ڕۆژئاوا و ناتۆ دایانناوە ئەو دەوڵەتانەیان قەبوڵە کە هیچ عیلاقەیەکی بە دەرەوەی وڵاتەکەی خۆیەوە نییە با وڵاتێکی ئیسلامیش بێت، وەک ئەوەی کە ئێستا دەبینین ئەحمەد شەرع بەهیچ شێوەیەک هاوکاری غەززە ناکات، واتە ئەوەی نوێ دێت دەبێت بە مقیاسی ناتۆ و غەرب بێت و نابێت لەدەرەوەی سنوری خۆت دژایەتی زوڵمی ڕۆژئاوا و ئیسرائیل بکات. "