ڕوانگە - ئاڵۆزی و ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل تادێت توندتردەبێت و زیانەکان لە هەردولا ڕوو لە هەڵکشان دەکات، پێناچێت ئەم جەنگە هەروا بەزوویی کۆتایی پێبێت و لە پەیوەندییە تەلەفۆنیەکەی دوێنێی نێوان، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران دا، پزیشیکیان ئەوەی ئاشکراکرد، کە ئەم جەنگە زۆر ناوچە و وڵاتی دیکەش دەگرێتەوە، بۆ گفتۆکردن لەسەر ئەم پرسە و ئەگەری تێوەگلانی وڵاتانی هاوپەیمان لە هەردولا و بەتایبەت ئێران، هەروەها وەرگرتنی زانیاری شیکردنەوەی زیاتر لەبارەی ئامانج و مەبەستەکانی پشت هەڵگیرساندنی ئەم جەنگەوە، پەیامنێری  "ڕوانگە" گفتوگۆیەکی تیبەتی لەگەڵ " لەگەڵ دکتۆر  سەردار عەزیز نوسەر و چاودێری سیاسی و  پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان دا ئەنجامداوە.

ئەمەی خوارەوە دەقی گففتووگۆکەیە.

پ/ ئەو جەنگەی کە چاوەڕێ دەکرا لەنێوان ئێران و ئیسرائیل دا ڕویدا، لە ئەگەری درێژەکێشانی ئەم جەنگە پێتان وایە هیچ وڵاتێکی دیکە بۆ هاوکاریکردن لە هەردولا تێوەبگلێت، بەتایبەت ئێران، کە چاوەڕێ دەکرێت لە عێراقەوە پشتگیری لە ئێران بکرێت؟

وەڵام/

باوەڕناکەم ئێران لە ئێستادا بییەوێت عێراق لەم جەنگەدا تێوەگلێنێت، چونکە ئەوە لە دواین کارتەکانێتی، چونکە ئەوکاتە عێراق ئامانجێکی ئاسان دەبێت هەم بۆ ئیسرائیل و هەم بۆ ئەمەریکا، چونکە ئەگەر عێراق بەشداری لەم جەنگەدابکات ئەوا پەلاماری بنکەکانی ئەمەریکا دەدەن و ئەمەریکا دێتە ناو شەڕەکەوە، کە ئێران ئەمەی ناوێت و ئێستا عێراق وەک دیوارێکی بەرگرییە بۆ ئێرانییەکان.

پ/ئەردۆگان دژی هێرشەکانی ئیسرائیل بوو، بە شەڕەنگێز ناویبرد، ئەمە تەنها پەیامێک بوو، یاخود تورکیا ترسی ئەوەی هەیە دوای ئێران، ئەم جەنگە بەرۆکی تورکیاش بگرێت؟
وەڵام/
ئەردۆگان پێی ناخۆشە کە ئیسرائیل سەرکەوێت، دەیەوێت ئێرانێکی لاواز هەبێت بۆئەوەی ئیسرائیل وەک هێزێکی باڵادەست لەناوچەکەدا نەبێت، بەڵام ئەگەری شەڕی ئیسرائیل و تورکیا بەدوردەزانم، بەڵام ڕەنگە تورکیا وابیربکاتەوە لەوناوچانەی کە ئەو دەبێت نفوزی هەبێت تیایدا ڕەنگە نەیەوێت ئیسرائیل دەسەڵاتی هەبێت تیایدا بەتایبەتی لە سوریا.

پ/ ئەم جەنگە بۆ گۆڕانکاریکردنە، لە نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یاخود بۆ لاوازکردنی ئێرانە بۆئەوەی بەلاوازی بچێتە سەر مێزی گفتوگاکان لەگەڵ ئەمەریکا، وەک هەندێک لە چاودێرانی سیاسی باسی لێوەدەکەن؟

وەڵام/
لەڕاستیا نازانرێت ئامانج چییە، بەڵام وادیارە ئیسرائیلیەکان دەستیان کردووە بە جەنگێک کە ڕەنگە بەئاسانی نەتوانن کۆتایی پێبێنن، وە لەوەش دەترسن کە ئەگەر ئێران بەوشێوەیە بەجێ بهێڵن زیاترلەجاران هەوڵی تۆڵەکردنەوە بدات، بۆیە ئەگەر بۆیان بکرێت دەیانەوێت ڕژێمەکە بگۆڕن، ئەگەر ئەوەنەبێت لەسەر چەکی ئەتۆمی دانوستان بکەن، بەڵام هێشتا ڕون نییە کە چی دەبێت