ڕوانگە -نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، بە تەلەفۆن قسەیان کرد و سەرۆکی هەرێم دەستدرێژییەکانی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێرانی ئیدانە کرد

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێرانی؛ بارزانی لە گفتوگۆ لەگەڵ عێراقچی دەستدرێژییەکانی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێرانی ئیدانە و بەبۆنەی شەهیدبوونی ژمارەیەک لە کەسایەتی سەربازیی و ئەکادیمی و هاوڵاتیانی ئێرانی سەرەخۆشی لە  عێراقچی کرد.

لە پەیوەندییە تەلەفۆنیەکەدا، باسیان لەو شەڕە کردووە کە چەند رۆژێکە لە نێوان ئیسرائیل و ئێران هەڵگیرساوە و رۆژی هەینی بە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستی پێکرد.

 نێچیرڤان بارزانی داوای گرتنەبەری رێوشوێنی بەپەلە و کاریگەری لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە کرد، بۆ رێگریکردن لە پەرەسەندنی زیاتری نائارامی لە ناوچەکەدا.

 هەروەها وەزیری دەرەوەی ئێران، سوپاسی سەرکۆنەکردنی بەرفراوانی "دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل"ی بۆ سەر ئێران لەلایەن بەرپرسانی سیاسی و زانایان و مەرجەعەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە کردووە. 

عێراقچی تەئکیدی لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە لە بارودۆخی هەستیاری ئێستادا واپێویست دەکات حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان، ناوەڕۆکی ڕێککەوتنی ئەمنی لە نێوان دوو وڵات بە تەواوەتی جێبەجێ بکەن تا پێش بە هەر چەشنە مەبەستی بەدکارانە و جموجوڵی نەیاران بە ئامانجی تێکدانی ئەمن و ئاسایشی ناوچە سنووریەکان بگرن.

 بەپێی میدیای ئێران، وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی کردووەتەوە، کە کۆماری ئیسلامیی ئێران تاوەکو راگرتنی "دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل"، لە ئۆپەراسیۆنە بەهێزەکانی بۆ بەرگریکردن لە سەروەری، ئاسایشی نیشتمانی و گەلی ئێران بەردەوام دەبێت.