ڕوانگە - لە وتوێژی لەگەڵ پەیامنێری ڕوانگە، لەبارەی بێدەنگی جیهانی ئیسلامی بەرامبەر هێرش و پەلامارەکانی ئیسرائیل و شەهیدکردنی خەڵکی مسوڵمان مامۆستایەکی ئاینی ڕایدەگەیەنێت:" ئەگەر تەماشای هەڵوێستی مسوڵمانان و خەڵکی ئاسایی بکەین دەبینین کە هەڵوێستیان هەیە بەرامبەر بەو زوڵمەی کە دەکرێت، بەڵام دەسەڵاتەکان بەپێی بار و بەرژەوەندی خۆیان هەوڵێست وەردەگرن.

مامۆستا مەلا نادر عەلی باڵوێزی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاند:" مرۆڤ کە هۆشیاربوو دەبێت بزانێت شەڕێک کە ناوتوانێت بیکات، دەبێت بەڕاستی خۆی نەخاتە ناو ئەو شەڕەوە، هەرچەندە ئێمە وەکو خودی خۆمان وە ئومەتی ئیسلامی بەگشتی خوازیاری ئاشتین و خۆمان لە هەموو زوڵم و زۆر و تاوانێک بەدور دەگرین، بەڵام ناشکرێت بەهیچ شێوەیەک دەستپێشخەری بۆ مەسەلەی شەڕ و ئاژاوەنانەوە بکەین، چونکە شەڕ زۆر خراپترە لەبونی دەسەڵاتێکی خراپ، لەبەرئەوە هەندێک حاڵەت هەیە دەبێت خەڵک زیاتر خۆی لێ بەدوربگرێت .

وتیشی:"هەرچەندە بەشێک لەم شەڕانە شەڕی دین نییە، بەڵکو شەڕی دورخستنەوەی مەترسییەکانە لە بەرژەوەندییەکانی خۆیان، بۆیە ڕەنگە ئەمە وایکردبێت ئێمە نەمانتوانیبێت یاخود نەمانویستبێت قسەی تێدابکەین و ئێمە خوازیارین ئاشتی و تەبایی و برایەتی بەرقەراربێت، چونکە کەس لە جەنگ و ماڵوێرانیدا سوی نەبینیوە و تەنانەت ئیسلام و مرۆڤایەتی بە ئاشتی گەشەدەکات".

مامۆستا مەلا نادر عەلی باڵوێزی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاشکرایکرد:"ئێمە لە خودا دەپاڕێینەوە کە مسوڵمانان پارێزراوبکات، وە داوا لە مسوڵمانان دەکەین کە بە دەست و دەم خۆیان لەجەنگ بپارێزن، لەبری ئەوە سەرقاڵی ژیانی ئاسایی خۆیانبن، چونکە ئەم شەڕانە هیچ خزمەتێک بە مرۆڤایەتی ناکات و شەڕێکە کە ئاشتی پێ بەرقەرارناکرێت و زیان بە مسوڵمانان دەگەیەنێت.