ڕوانگە - بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٥ دەسەڵاتی دادوەری ئێران هەواڵی لەسێدارەدانی هاوڵاتیەکی بڵاوکردەوە، کە بەتۆمەتی هاوکاریکردنی مۆساد دەستگیرکرابوو.
هەواڵەکە لەلایەن ئاژانسی هەواڵیی (میزان)ەوە بڵاو کراوەتەوە کە میدیایی فەرمی دەسەڵاتی دادوەریی ئێرانە و هەربەگێرەی ئەو زانیاریانەی کە بڵاوی کردۆتەوە، ئەو کەسە سەرپەرشتیاری "تۆڕێکی سایبەریی مۆساد" بووە.
ئاژانسی هەواڵیی میزان، ڕونیشیکردۆتەوە:" تۆمەتبارەکە ناوی "محەممەدئەمین مەهدەوی شایستە"یەو تەمەنی ٢٧ ساڵە و ناوبراو هاوکاریی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیلی کردووە و هەروەها سەرپەرشتیاریی تۆڕێکی سایبەریی سەر بە مۆساد"بووە."
ئەوەشخراوەتەڕوو، "ئەو تۆڕە سایبەرییە، لەژێر چاودێریی ئەفسەرانی دەزگای مۆساد دا، چالاکیی هەبووە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و مەهدەوی شایستەش بەرپرس بووە لە بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنە سایبەری و مەیدانییەکانی تۆڕەکە دژی ئێران، هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە، تۆمەتبار بە مەبەستی راهێنان سەردانی یەکێک لە وڵاتانی دراوسێی ئێرانی کردووە و چەندین جار لەگەڵ ئەفسەرانی مۆساد کۆبووەتەوە، دواتر خۆی راهێنانی بە ئەندامانی تۆڕەکە کردووە."
محەممەدئەمین مەهدەوی شایستە لە پاییزی ساڵی ٢٠٢٣ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیر کرا و دوای دادگاییکردن، سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو، لە 10ی حوزەیرانی 2025 لەلایەن دیوانی باڵای دادوەرییەوە پەسند کرا.