ڕوانگە - شەڕو ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل بووە بە پرسێکی گەرمی نێو میدیا ناوخۆییەکان و جیهانییەکان و چاودێرێکی سیاسیش ڕایدەگەیەنێت:" پێگەی جوگرافی ئێران هاوکارە بۆئەوەی بە بەهێزی بمێنێتەوە.
گوڵاڵە سدیق چاودێری سیاسی بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند:" ئێران دەوڵەتێکی گەورەیە، وەک قاڕەیەکی بچوکراوە وایە، کە ڕوبەرەکەی بە نزیکەیی حەوت ئەوەندەی شانشینی بەریتانیایە، چواردەور دراوە بە سنوری سروشتی، لە بەشی ڕۆژئاواوە چیاکانی زاگرۆس هەیە، لەبەشی باکور بەحری قەزوین، لەبەشی باشوری کەناراوەکانی کەنداوی عەرەبی هەیە، لەبەشی ناوەڕاستی ڕۆژهەڵاتی دوو بیابانی گەورە هەیە، هەروەها ئێران خاوەنی هەشت بەندەری گواستنەوەیە(بەندەر عباس، ئەنزعلی، ئیمام خومەینی، مەهـ شەهر، نوشەهر، تاهیری، چابەهەر).
ئێران بەتەواوەتی دەسەڵاتی بەسەر گەروی هورمز هەیە کە یەکێگە لە بەندەرە گرنگەکانی جیهان بۆ هەناردەکردنی نەوت بەڕێژەی ٢٠% هەناردەی نەوتی جیهانی لەڕێی ئەم بەندەرەوەیە، بەداخستنی ئەم گەروە لەلایەن ئێرانەوە یان هێرشکردنە سەری (لەکاتی ناچاریدا لەلایەن ئێرانەوە) جیهان توشی قەیرانێکی ئابوری قوڵ دەکات، هەرلەبەرئەوە هەریەکە لە وڵاتانی کەنداو و ئەمریکا و بەریتانیا زۆر بە وریاییەوە چاودێری بارودۆخەکە دەکەن.'
وتیشی:"ئێران خاوەن نەوتێکی زۆرە لە ناوچەکە، وە لەسەر عەرشی چوارەم خەزێنەی یەدەگی نەوت لە جیهان دانیشتوە، ئەمەش بەو واتایە دێت ئەو وڵاتانەی دەکەونە جەنگ لەگەڵ ئێران بارگرانیان لەڕێی زۆری بەکارهێنانی وزە و گرانی وزە بۆ دروست دەبێت، بەڵام ئێران ئەگەر ئابلوقەش بخرێتە سەری ئەوا دەتوانێت بۆ ماوەی ٢٠٠ ساڵ نەوت و وزەی خۆی بەکاربهێنێت."
گوڵاڵە سدیق ڕونیشیکردەوە:"ئێران خاوەنی زیاتر لە ٨٠ ملێون نفوسە، زۆرینەی خەڵکەکەشی بە نیشتمانپەروەری ناسراون، هەمیشە ئامادەیی گیان بەختکرنیان هەیە لەپێناو نیشتمانەکەیان، وە هەر لە کۆنەوە خاوەن سەروەری خۆیان بوون کە ئەمەش یەکێکە لەو شانازییانەی گەلی ئێران کە بەخۆیانەوە دەیکەن.'
ڕونیشیکردەوە:"هەرچەندە ئەو بڕە یۆرانێومەی ئێران هەیەتی بڕێکی زۆر نیە بەراورد بە وڵاتانی دیکە، بەڵام ئەو بڕە یۆرانێومەی کە هەیەتی بەشی بەرنامە ئەتۆمیەکەی خۆی دەکات و دەتوانێت ببێت بە مەترسی بۆ سەر نەیارەکانی.'
گوڵاڵە سدیق چاودێری سیاسی ئاشکرایکرد:" هەرچەندە لەسەرەتای جەنگەکەوە هەندێک لە ڕا و بۆچونەکان پێیان وابوو کە ئێران بەرگەی ڕۆژێکی هێرشی نەیارەکانی ناگرێت، بەڵام ئێران جیهانی سەرسام کرد بە توانا سەربازییەکەی، ئیتر ئەم توانا سەربازییە بەرهەمهێنانی خۆیەتی یان بە پشتیوانی وڵاتانی هاوپەیمانی بێت گرنگ ئەوەیە لەئێستادا ئێران خاوەنداری دەکات٫ هەروەها ئێران خاوەنی ئسطولی دەریاییە کە ٢٢٠ کەشتی لەخۆ دەگرێت، لەکاتێکدا ئسطولە دەریاییەکانی ئیسرائیل تەنها ٦٠ کەشتی لەخۆ دەگرێت.'