ڕوانگە - لە وتوێژی لەگەڵ پەیامنێری ڕوانگە لەبارەی کێشەو قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان و هەروەها سیاسەتی حکومەت بۆ چۆنیەتی چارەسەرکردنی ئەو قەیرانانە و ڕۆڵی خەڵک لە دروستکردنی گۆڕانکاری لە ناوچەکەدا، دکتۆر ئەحمەد میرە مامۆستای زانکۆ ڕایگەیاند:"  لەئێستادا کێشەی مووچە لە نێوان بەغدا و هەولێردا بووە بە پرسێکی سیاسی پێش ئەوەی پرسێکی یاسایی بێت، بەڵام ئەو بارودۆخەکەی کە وایکزدووە بۆچی پرسی مووچە ببێت بە پرسێکی سیاسی پەیوەندی بەوەوەهەیە کە دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم دامەزراوەی نیشتیمانی و ئابوری تەندروست نەبوون، واتە مامەڵەکردنی ئێمە لەگەڵ دۆخی ئابوریدا، هەروەها ڕێکخستنی پەیوەندییە ئابوورییەکانمان لەگەڵ بەغدا لەسەر بنەمایەکی تەندروست نەبووە، بەڵکو لەسەر بنمای بەرژەوەندی حیزبی و کۆمپانیا تایبەتییەکان بووە، بۆیە لە دۆخێکی لەوجۆرەدا جێگای سەرنج نییە ئەگەر دۆخی مووچە بگاتە ئاستێکی مەترسیداری وەک ئەوەی ئێستا کە دەیبینین."

وتیشی:" ئێمە لەلایەک حکومەتی هەرێمی کوردستان وە سیاسەتی خراپی حکومەتی هەرێم بووە بەهۆکارێکی سەرەکی بۆ دروستبوونی ئەو دۆخە، هەروەها لە بەرامبەریشدا نەبونی دەوڵەتێکی مەرکەزی مەدەنی تەندروست لە بەغدا دۆخەکەی گەیاندۆتە ئاستێکی مەترسیدار بەم جۆرەی کە ئێستا دۆخی مووچەخۆران لە هەرێمی کوردستان دەبینین".

دکتۆر ئەحمەد میرە ڕونیشیکردەوە:"
لەمێژووی هیچ حکومڕانییەکدا نەبووە و نەدەشبێت، نە لە چیرۆکە سیاسییەکانیشداهەیە کە خەزێنەی حکومەتێک ١٦ ملیۆن دۆلاری تێدابێت، کە ئەمەش کارەساتێکی گەورەیە ئەمانەی کە حکومڕانی هەرێمی کوردستانیان گرتۆتەدەست  لە گروپێکی قاچاخچی و چەتە ناڕۆشنبیرترن، چونکە قاچاخچییەکان پلانی تایبەتیان هەیە بۆ پاراستنی گیرفانی خۆیان، بەڵام ئەمانە تەنانەت  پلانی ئەوەشیان نییە کە خۆیانی پێ بپارێزن لەناوحکومەتدا و وە ئێستا منداڵی بەرپرسەکان گەلێک دەوڵەمەندترن لە باوکەکانیان، کە ئەوەش نیشانەی ئەوەیە ئەمانە منداڵەکانیشیان بوون بە دزی گەورە و ئەمەش وایکردووە حکومەتی هەرێم نایەوێت دۆخی ئابووری هەرێم باشبێت، چونکە لەباشبوونی دۆخی ئابوریدا ئەمانە دەرفەتی گەندەڵییان نامێنێت."

دکتۆر ئەحمەد میرە مامۆستای زانکۆ باسی لەوەشکرد:"دۆخەکە گەیشتۆتە ئاستێکی زۆر مەترسیدار کە بەردەوامبونی بڕستی لەخەڵک بڕیوە، کە ئێمە چەندجارێک کەوتوینەتە قەیرانەوە، بەڵام هیچ جارێک بە ئەندازەی ئەمجارە مەترسیدارنییە، چونکە ئەجاران خەڵک نوزەیەکی پێشینەی تێدابێت ئەمجارە خەڵک ئەو نوزەیەشی تێدانەماوە، بۆیە خەڵک دەتوانێت ئەو میکانیزمانە تاقیبکاتەوە کە بۆگۆڕانکاری گرنگن، بەڵام بەداخەوە ئێمە قەدەرێکی سیاسی خراپمان هەیە کە دۆخی هەرێمی کوردستان پەیوەستە بە دۆخی سیاسی ناوچەکەوە و ئەو ڕوداوە سیاسیانەوە کە دێنە پێشەوە و پەیوەستە بە دەستێوەردانی وڵاتانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان لەئاستی ئابوریدا بەتایبەت لە بواری غاز و نەوتدا، کە پرسی غاز و نەوت نەگبەتییەکی گەورەیە و بووەتە کۆسپێکی گەورە لەبەردەم دروستکردنی گۆڕانکاری لەکوردستاندا."