ڕوانگە - لێدوان و هەڕەشەکانی بەرپرسانی ئەمەریکا وئیسرائیل دژی ئایەتوڵڵا عەلی خامنەئی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، نگەرانی گەورەی بەدوای خۆیداهێناوە و نوێنەرایەتیی ئێران لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەوبارەیەوە نامەیەکی ئاراستەی هەریەکە لە سکرتێری گشتیی رێکخراوەکە و هەروەها سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و سەرۆکی کۆمەڵەی گشتیی UN کردووە و تیادا بە تووندی دژی ئەو لێدوان و قسانەی بەرپرسانی ئەمەریکا و ئیسرائل دەوەستێتەوە.
میدیاکانی ئێران بڵاویانکردۆتەوە:"ئەمیرسەعید ئیرەوانی، نوێنەری ئێران لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە سکرتێری گشتی رێکخراوەکە و ئەنجوومەنی ئاسایش دەکات، ئەو هەڕەشانە بە نایاسایی و نابەرپرسیارانە وکارێکی تیرۆریستی بناسێنن.
لە نامەکەدا نوێنەرەکەی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوەی ئاشکراکردووە:" کە لە ٢٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٥ دا وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ میدیای ئیسرائیل، بە ئاشکرا هەڕەشەی لە عەلی خامنەئی رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران کرد و پلانەکانی رژێمی بۆ تیرۆرکردنی ئاشکرا کرد.
ئەم قسانەی نوێنەرەکەی ئێران لەکاتێکدایە کە سەرەتا لە ١٨ حوزەیران و هەروەها لە ٢٧ی حوزەیرانی هەمان ساڵ ترامپ ڕایگەیاند:" بە ئامانج گرتنی عەلی خامنەئی کارێکی ئاسانە و بانگەشەی ئەوەشی کرد کە رێگری لە رژێمی ئیسرائیل یان هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا کردووە کۆتایی بە ژیانی بهێنن."
ئەمیرسەعید ئیرەوانی، نوێنەری ئێران لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکسیش نووسیویەتی، ئەمریکا و ئیسرائیل بە ئاشکرا "هەڕەشەی تیرۆرکردنی رێبەری ئێرانیان کردووە، ئەم کردەوە تاوانکارییە نموونەیەکی روونی تیرۆریزمی دەوڵەتییە و نابێت رێگە بدرێت تووندیی هەڕەشەیەکی لەو شێوەیە بە هیچ شێوەیەک کەم بکرێتەوە یان ئاسایی بکرێتەوە."