ڕوانگە - بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە، 63% ـی هاونیشتمانییان فۆڕمی ئەلیکترۆنی خۆراکیان پڕکردووەتەوە و دەشتوانن وادەکەی درێژبکەنەوە.

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکردووە:"وادەی پڕکردنەوەی فۆڕمی ئەلیکترۆنی ڕۆژی 5ـی تەمموز کۆتایی دێت، بەڵام کاتیان هەیە و دەتوانن چەند ڕۆژێک وادەکەی درێژ بکەنەوە، بۆ ئەوەی لانیکەم 85%ـی هاونیشتمانییان فۆڕمی ئەلیکترۆنی پڕبکەنەوە."

وتیشی، “پێویست ناکات هاونیشتمانییان چاوەڕێی کۆتاییهاتنی وادەکە بکەن و دەتوانن لە ماڵەکانیاندا لە ڕێگەی مۆبایلەکانیانەوە فۆڕمەکە پڕبکەنەوە”.
ئاماژەی بەوەشدا، “هەر هاونیشتمانییەک کێشەی پڕکردنەوەی هەیە دەتوانێت سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی پسوڵەی خۆراک بکات تاوەکو بۆیان پڕبکەنەوە”.

لای خۆشیەوە ئاراس محەمەد، بەڕێوەبەری پسوڵەی خۆراک لە سلێمانی ڕایگەیاندووە، لە سلێمانی یەک ملیۆن و 194 هەزار کەس، کە دەکاتە لە سەدا 61%ـی دانیشتووانی پارێزگاکە فۆڕمی ئەلیکترۆنیی خۆراکیان پڕکردووەتەوە.

ئەوەیشی خستۆتەڕوو، “لە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان تیمیان هەیە بۆ ئەوانەی کێشەی پڕکردنەوەی فۆڕمی ئەلیکترۆنیان هەیە و بەشێک لە هاونیشتمانییان گواستنەوەیان هەبووە لە بریکارێکەوە بۆ یەکێکی دیکە، خۆمان فۆڕمەکانیان بۆ پڕدەکەینەوە”.