ڕوانگە - سەرۆککۆماری ئێران بە دەرکردنی بڕیارێک یاسای راگرتنی هەماهەنگی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم خستە واری جێبەجێکردنەوە. 

میدیای فەرمیی ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە، 2ی تەمموزی 2025، بڵاویکردەوە، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری وڵات بە دەرکردنی بڕیارێک فەرمانی بە جێبەجێکردنی یاسای راگرتنی هاوکارییەکانی ئێران لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم کردووە.

بڕیارەکە بۆ رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران، ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران و وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکە نێردراوە و داوایان لێکراوە، دەست بە جێبەجێکردنی یاساکە بکەن.

بە پێی یاساکە، تاوەکو ئاسایشی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و بەردەوامیی بەرنامەی ئەتۆمیی ئەو وڵاتە گەرەنتی نەکرێت، رێگە نادرێت پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم سەردانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بکەن.

 چوارشەممەی رابردوو، 25ی حوزەیرانی 2025، پەرلەمانی ئێران پرۆژەیاسای هەڵپەساردنی هەماهەنگی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم پەسند کرد. 

 دوای پەسندکردنی پرۆژەیاساکە، محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند: "تاوەکو ئاسایشی دامەزراوە ئەتۆمییەکانمان گەرەنتی نەکرێت، ئێران هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رادەگرێت."

جەختیشی کردەوە، "بەرنامەی ئاشتیخوازانەی ئەتۆمیی ئێران بە خێراییەکی زیاترەوە بەردەوام دەبێت."

 رۆژێک دواتر، ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووری ئێران یاساکەی پەسند کرد.