ڕوانگە - ئەمڕۆ چوارشەممە 2025/7/2،  د. نووری عوسمان، سەرۆکی نووسینگەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە  شەیخە بەشیر فەرحان، هەڵسووڕێنەری کونسوڵخانەی گشتیی ئیمارات لە هەرێمی کوردستان، کرد. 

لە دیدارێکدا، جەخت لە گرنگیی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی ئیمارات کرایەوە و بیروڕا سەبارەت بە چۆنیەتیی پەرەپێدان و فراوانکردنیان لە کایە جیاجیاکاندا، بەتایبەتی ئابووری و وەبەرهێنان، ئاڵوگۆڕ کرا. 

لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکەدا، ڕەوشی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و دۆخی گشتیی عێراق، بەتایبەتی کێشە هەڵواسراوەکانی هەولێر ـ بەغدا خرانە بەر باس، لەمبارەیەوە، پێویستیی بەردەوامیی دانوستاندنەکان بۆ چارەسەرکردن و یەکلاییکردنەوەی کێشەکان، دووپات کرایەوە.

خستنەڕووی ڕووداو و پێشهاتەکانی ناوچەکە و هەڵسەنگاندنی لێکەوتەکانیان بەسەر ناوچەکەوە، تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو کە بەڕێز نیاز ساڵح، بەرپرسی کاروباری دەرەوە و دیپلۆماسی لە سەرۆکایەتی، ئامادەی بوو.