ڕوانگە - لەچوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی سەرۆکی زانکۆی گەرمیان بۆ بوژاندنەوە و گەشەی زانستیی زانکۆ، توانرا ڕەزامەندی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ کردنەوەی 5 بەشی زانستیی نوێ وەربگیرێت.

لە چەند مانگی ڕابردوودا، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی زانکۆی گەرمیان و لەلایەن یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا و بەڕێوەبەرایەتی دڵنیایی جۆری و پەرەپێدانی پرۆگرامەکانەوە، پرۆپۆزڵی کردنەوەی 10 بەشی زانستیی نوێ ئامادەکرا و بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی/ دەزگای دڵنیایی جۆری و متمانەبەخشین بەرزکرایەوە، دواتر کردنەوەی بەشەکانی، زانستە گشتییەکان لە کۆلێجی پەروەردەی بنەڕەت، زانستی خۆراک لە کۆلێجی زانست، ژمێریاریی ئەلیکترۆنی، پلاندانانی شار، سیستمە سیاسییەکان و سیاسەتی گشتی، بۆ ساڵی خوێندنی  ٢٠٢٥-٢٠٢٦ پەسەندکرا.
لە کۆبوونەوەیەکیدا پرۆفیسۆر د.ئاراس فەریق زەینەڵ  سەرۆکی زانکۆ لەگەڵ پرۆفیسۆری یاریدەدەر د.محەمەد ئیبراهیم خەلیل، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا، جەختی کردەوە بەکردنەوەی ئەو بەشانە دەرفەتی هەلی خوێندنی زیاتر بۆ خوێندکارانی گەرمیان و کوردستان دەڕەخسێنن.

وتیشی: بۆ خزمەتکردنی زیاتری خوێندکارانی ناوچەکەمان، بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان بۆ کردنەوەی بەشی زانستی زیاتر؛ کە لەگەڵ ئەمڕۆی بازاڕی کاری کوردستان و پێداویستی سەردەم بگونجێت.

جێگای ئاماژەیە، ماوەی زیاتر لە 6 ساڵە هیچ بەشێکی زانستی لە زانکۆی گەرمیان نەکراوەتەوە و بەهۆی کەمبوونەوەی خواستی خوێندنیش لەسەر ژمارەیەک لە بەشەکان، ژمارەی خوێندکارانی زانکۆکە بەرەو کەمبوونەوە چووە و ئەوەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر ڕانکی زانکۆ و گەشەکردنی ھە بووە.