ڕوانگە ـ ئەگەر پەستانەکانی ئەمریکا نەبووایە لەسەر عیراق و چەند ڕووداوێکی ناوچەکەش نەبوایە، بەغدا هەنگاوی گەورەتریشی بەرامبەر هەرێم دەگرتەبەر.
واتا، سووکبوونی داواکانی بەغدا لە هەرێم، خاترانەیە، ئەگینا تەنانەت هەنگاوی دژی هەندێک لێپرسراوی ڕیفراندۆمچییش دەگرتەبەر، یان دەبوو لەدادگای دەوڵەت دادگایی بکرێن، یان دەبوو بچنە دەرەوەی عیراق.
بەغدا ویستی دەست بۆ مەلەفێکی قورس ببات کە پرسی تێوەگلانە لەگەڵ داعش، لەئێستادا سەری ناوەتەوەو بێدەنگە لێی، بەڵام بەدووری نازانم لەقۆناغی توندتری نێوان هەرێم و بەغدادا، بەغدا سەری ئەو بابەتەش هەڵبداتەوە.
بۆچی پارتی لە بەغدا ناکشێتەوە؟!
دوو شت لێرەدا هەیە:
یەکەم: لەکابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمدا، کاتێک یەکێتی بایکۆتی ئەنجومەنی وەزیرانی کرد، پارتی هێرشی ئەوەی کردە سەر یەکێتی و تیمەکەی "ئەگەر ئادائی حکومەتتان بەدڵ نییە، بکشێنەوە"، فەرموو ئەی ئێستا ئەگەر پارتی دەزانێت بەغدا لەسەر حەق نییە، بۆچی ناکشێتەوە؟! پارتی ناکشێتەوە چونکە دەزانێت کۆتایی خۆیەتی لە عیراقدا، دواتر بێگومان دەزانێت بەغدا دەوڵەتداری دەکات و لە ڕێڕەوی دەوڵەتدارییەکەیدا ئەم پۆخڵەواتییانە لەناودەبات.
دووەم: هەمیشە پارتی تەنتەنەی ئەوەی کردووە، حزبی یەکەمە لە عیراقدا، فەرموو ئەگەر زۆرینەییەکەت کاریگەری هەیە لەسەر هەرەسی بینای حکومەتەکەی سوودانی بۆ ناکشێیتەوە و ئەو حکومەتە هەرەس بهێنێت؟! بێگومان ناکشێتەوە چونکە کشانەوەی پارتی واتا کۆتایی ئەو حزبە لەعیراق و دوورنییە دادگای باڵای عیراق بە عینوانی جوداخوازیی کارکردنی پارتی لە عیراقدا کۆتایی پێبهێنێت.
چی لە پشت سیناریۆکەوەیە؟
یەکەم: تورکیا
ئەو هەڵە گەورەیەی لە ئیمزاکردنی رێککەوتنی نەوتدا کراوە، پارتی لەنێوان دووڕیانێکی خراپدا هێشتووەتەوە، تورکیا ئامادەنییە لەیەک مەرجی داوا و ئیستیحقاقەکانی خۆی خۆش بوێت، کشانەوەی پارتی لەو رێککەوتنە لەهەموو روویەکی "پێش هەموو شت" ئەمنی، سیاسی، ئابووری، جوگرافی ....هتد، هەر پارتی زەرەرمەندە. پارتی یەک هەنگاوبنێت دژی تورکیا، تورکیا هێزێکی ناوچەیی یان هەرێمی دژی پارتی گەورەدەکات و لەناوی دەبات، چونکە ئەگەر ئێستا پارتی حزبی یەکەمە لەپەرلەمانی کوردستان، ئەوە تورکیا کردوویەتی.
دووەم: مووچەخۆری دەرەکی
یەکێک لەو خاڵانەی کە بەپێی زانیارییەکانی بەندە لەکۆبوونەوەی ئەنجومەنی نەوت و غازی عیراقدا کە فوئاد حسێنی پارتی سەرۆکێتی باسکراوە، پرسی مووچەخۆری دەرەوەی عیراقە، مەعقولیەتی تێدانییە هێزی چەکدار و مووچەخۆری نادەوڵەتی هەبێت لەدەرەوەی هەرێم بژین و کاربکەن، کەچی لە ناو لیستی مووچەخۆرانی هەرێمدا ناوی هەبێت !!.
ئەم دێڕانە بۆ مێژوو دەمێننەوە ..
تا ئەوکاتەی خەیاڵکردن بە ڕیفراندۆم و هەندێک دۆسیەیتر بەرامبەر هەرێم لەئارادابێت، بەغدا پێداگری دەکات، ئەم هەرێمە لەسایەی سیاسیی ناشارەزا و هەندێک دەستکرانەوەی بەغدا لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەمریکاوە، هەرێمی کوردستان تا ئاستی نەمان لەڕێگەی دەستوور، یان بوونێکی واتایی ! دەبات