ڕوانگە - لە وتوێژی لەگەڵ پەیامنێری ڕوانگە، لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران، بەتایبەت دوای کۆتایی هاتنی جەنگی 12 ڕۆژەی ئەو وڵاتە لەگەڵ ئیسرائیل، هەروەها هۆکاری ئەو هێرشانەی کە لەم ماوەیەدا لەگەرمیانەوە تا زاخۆ دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئەوەشدا هەڵوێستی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر ئەو ڕووداوانە،

مامۆستا حسین کەلاری، بەرپرسی لقی 22 ی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسنوری گەرمیان  ڕایگەیاند، " شەڕی نێوان  ئێران و ئیسرائیل،  شەڕی کورد نییە و هیچ پەیوەندییەکی بە کوردیشەوە نییە، وە لەڕاستیدا ئێمە لە ئاستی ئەو شەڕەدا نین و ئەوە جەنگی تەکنەلۆجیایە، وە ئەگەر هاتوو ئێمە خاوەنی تەکنەلۆجیاش بین، بەڵام ئێمە تەرەف نین لەو شەڕەدا، بۆچی تەرەف بین، وە ئێمە دەزانین شەڕ نەهامەتی و کوشتاری بەدوادادێت، کوشتار بەهەرشێوەیەک بێت و لە هەرلایەک بێت شتێکی قەدەغە کراوەو هەموو ئەدیانە ئاسمانی و یاسا دانراوەکانی مرۆڤیش کوشتاری مرۆڤی بەتاوان داناوە، بۆیە ئێمە هەرگیز لەگەڵ شەڕ و کوشتاردانین".

وتیشی، " ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژانیش کورد پەنای بردبێتە بەر شەڕ تەنها بۆ بەرگریکردن بووە لەخۆی، بۆیە لەم جەنگەشدا کورد بێلایەنی خۆی پاراستووە، بەڵام بەداخەوە زۆرجار هەست دەکرێت خەڵکانی بێویژدان و خەڵکانی دور لە قییەم و ئەخلاق و بە لە بەرچاونەگرتنی قوربانی و خەباتی ئێمە، دەیانەوێت کورد تێکەڵی ئەو بابەتانە بکەن، کە ئەمە دورە لەڕاستیەوە."

بەرپرسی لقی 22 ی پارتی لەگەرمیان، ئاماژەی بەوەشکرد، " نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران، دەربڕینی هاوخەمی خەڵکی هەرێمی کوردستان و بێلایەنی خەڵک و حکومەت و پەڕلەمان و حیزبەکانی لەوجەنگەدا خستەڕوو بەوەی کە ئەمە شەڕی ئێمە نیە، بۆیە ئەو پڕوپاگەندانەی کە دەکرێت بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دورە لە ڕاستییەوە، ئەوە بۆچونی ناحەزانی گەلی کوردە، بۆ ئەوەیە کە کێشە بۆ خەڵکی کوردستان دروست بکەن، بۆیە ڕۆژ لەڕۆژ دەبینین هەوڵدەدرێت پێگەی کورد لاوازبکرێت، تەنانەت بەئامانج گرتنی کوردستان بەبێ جیاوازی، دەرخەری ئەو ڕاستیەیە، بەڵام کورد ناسڵەمێتەوە لەو مافەی کەهەیەتی و هیچ کاریگەری نابێت لەسەر خەڵک و حیزبەکانی کوردستان."

مامۆستا حسێن کەلاری، ڕونیشیکردەوە، " ئەو هێرشانەشی کە ئێستا دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان، هیچ  نییە تەنها تێکەڵکردنی ئەوراقەکانە، بۆئەوەی هەندێک تاوان کە کراوە پەردەپۆش بکرێت، بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان، وە بە ئامانج گرتنی خەڵکی مەدەنی یاخود بەئامانج گرتنی بیرەنەوتەکان، هەموو ئەمانە تەنها بۆ ئەوەیە ئێمە تێکەڵ بەو شەڕە بکەن، بەڵام هەرگیزا و هەرگیز کورد و سەرکردایەتی کورد لەوە حەکیمترە کە تێکەڵی بابەتی وەها بکرێت".

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایە بۆچی لەم کاتەدا ئەم هێرشانە دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان؟

بەرپرسی لقی 22 ی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسنوری گەرمیان، ئەوەی خستەڕوو، " هەرچەندە ئەمە پسپۆڕی من نییە، بەڵام من دەزانم دەستی تێکدەرە بۆئەوەی ئاژاوە دروست بکات، چونکە ئەگەر سەرنجتان دابێت بەبێ فەرق و جیاوازی هێرش کراوەتە سەر هەمو ناوچەکان، وە ئێمە دەزانین کە ئەو هێرشانە لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانەوە کراوەتە سەر هەرێم، جا ڕەنگە لە دەوروەری هەرێم بێت من ناڵێم دەوڵەتان، چونکە دیارە ئەوانە نەیارەکانی خۆمانن، بۆئەوەی شەڕ و ئاژاوە دروست بکەن و دەیانەوێت بێلایەنی کورد بخەنە ژێر گومانەوە، کە دووبارەی دەکەمەوە ئەم بێویژدانییەی کە بەرامبەر بە کورد دەکرێت، هیچ کاریگەرییەکی لەسەر ئێمە نابێت بۆئەوەی توشی هەڵوێستێکی نەخوازرا و بێت".

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایە دوای تەواوبونی جەنگی نێوان ئێران - ئیسرائیل، ئێستا پەیوەندی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و پارتی دیموکراتی کوردستان بەدیاریکراوی چۆنە؟

مامۆستا حسین کەلاری، بەرپرسی لقی 22 ی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسنوری گەرمیان، ئاشکرایکرد، "  من بڕواناکەم دوای کۆتای هاتنی جەنگ هیچ گۆڕانکارییەک بەسەر پەیوەندییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان وکۆماری ئیسلامی ئێراندا، یاخود هەرێمی کوردستان و ئێراندا هاتبێت، هەرچەندە ئەوە دەکرێت لە ئاستی باڵادا زانیاری زیاتر وەربگرن."