ڕوانگە - وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی لەبەرژەوەندی قوتابیانی پۆلی نۆی بنەڕەتی دەرکرد.

ئه‌مڕۆ د.ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێم نوسراوێکی بڵاوکردەوەو ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه‌، لەبەر بەرژەوەندی گشتیی، بڕیارێكیان ده‌ركردوه‌.

لەو نوسراوەدا ئەوەخراوەتەڕوو "بڕیارماندا پێنج نمرە بەقوتابیانی پۆلی 9ی بنەڕەتی بدەین کە تاقیکردنەوەی خولی دوەمیان کردوە".

ڕۆژی 15ى 5ى ئه‌مساڵ بەبەشداری 129 هەزارو 682 قوتابی، یەکەم تاقیکردنەوەی نیشتمانیی قوتابیانی 9ی بنەڕەتی ده‌ستیپێكردو ماوەی 11 ڕۆژ بەردەوامبوو.

ڕۆژی 16ی مانگى ڕابردوش تاقیکردنەوەکانی خولی دوەمی پۆلی 9ی بنەڕەتی دەستیپێکردو دوای تەواوبونی تاقیکردنەوەکانیش، وەزارەتی پەروەردە ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی نیشتمانی خولی دوەمی ئه‌و قۆناغه‌ى لەئەپڵیکەیشنی ئی هەڵسەنگاندن ڕاگەیاند.