چاویارنیوز - عەلی حەمەساڵەح،سەرۆکی ڕەوتی هەڵوێست، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، " ئەم دۆخەی هەرێمی کوردستان، ئەگەر ئەو ڕێککەوتنە نەکرێت دڵنیابن نەک بەم شێوەیەی ئێستا نامێنێتەوە، بەڵکو بە ئاراستەیەکی ئێجگار ئێجگار خراپدا دەڕوات."

وتیشی:" دوێنێ بڕیاربوو هەنگاوی زۆرباش بنرێت بۆئەوەی ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیران بڕیاربدات، بەڵام لە کارنامەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا نییە باس لەو ڕێککەوتنە بکرێت، وە دوێنێشبابەتەکە تاڕادەیەک پاشەکشەی کردووە، هەرچەندە بە جهودی ئەمەریکیەکان دیسانەوە دانوستان دەست پێ دەکاتەوە."

عەلی حەمە ساڵەح ڕونیشیکردەوە:" ئەمەی دەیڵێم هۆشدارییە، بەتایبەت ئێستا دۆسیەی نەوت و بڕیاری ڕێککەوتن لای مەسرور بارزانی ییە و یەکێتی یش لەگەڵیدایە و نوێنەری هەیە لە بەغدا، بۆیە ئەگەر ڕێک نەکەون بچوکترین بەدیلیان نییە،  دەبێ یەکێتی و پارتی باش بزانن ئەمجارە خۆپیشاندان بکرێت، دڵنیابن خۆپیشاندانی دووسەعاتی نابێت، چونکە ئەم کێشە بەردەوام دەبێت و ئەوان دەڵێن بەدیلمان نییە."

عەلی حەمەساڵەح باسی لەوەشکرد:"دەرفەتە زێڕینەکە لەبەردەم هەرێمدا ئەوەیە کە نەوتەکەی کە 280 هەزار بەرمیللە ڕادەست دەکات و بۆ هەر بەرمیێک 16 دۆلار دەدرێت بەکۆمپانیاکان، هەروەها کۆمپانیایەکی بیانی بەڕێککەوتنی هەردولا وردبینی تێچوی بەرهەم هێنانی نەوت دەکات لەماوەی دوومانگدا، تێچوی بەرهەم هێنان دیاری دەکرێت، لەبەرامبەر ئەمەدا، مووچە و بەشی کوردستان دیاری دەکرێت، هەروەها بەنزین 450 دیناری و نەوتی سپی 30 هەزاری بۆ هەرێم دابین دەکرێت، بەڵام هەرێم ئەمەی ڕەتکردۆتەوە و لەبەرامبەردا دوسێ داواکاری هەیە لەوانە:
1. داوای 66 هەزار بەرمیل نەوت دەکەن بۆ ناخۆ، عێراق دەڵێت 46 هەزار بەرمیل بۆ ناوخۆ دابین دەکەین.
2.هەرێم داوادەکات عێراق پارە نەدات بە کۆمپانیاکانی نەوت، بەڵکو لەبەرامبەردا دەڵێن، 120 هەزار بەرمیل نەوت بدەن بە کۆمپانیاکان، عێراق ئەمە قبوڵ ناکات.

عەلی حەمەساڵەح سەرۆکی ڕەوتی هەڵوێست، ئاماژەی بەوەکرد:" داوا لە بەرپرسانی هەرێم دەکەم کە لەسەر ئەم پرسە ڕێکبکەون، چونکە خەڵکی هەرێم ماندووە و ئەمە دەرفەتێکی زێڕینە ئەگەر ئەم نەوتە ڕادەستی سۆمۆبکەن، وە خواستی ئەمەریکییەکانیش بەڕونی ئەمە بووە کە دەڵێن، نەوت لەڕێگەی بۆرییەوە هەناردەبکرێت و کۆتایی بەم کێشەبێت."