ڕوانگە - لە وتوێژی لەگەڵ پەیامنێری ڕوانگە، لەبارەی گفتوگۆ و دانوستانەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، لەسەر پرسی مووچە و نەوت، هەروەها هۆکاری ڕێکنەکەوتنی هەردولا لەسەر ئەو پرسە، سروە محەمەد ڕەشید، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕایگەیاند؛ "بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لە نێوان هەولێر و بەغدا، بە بەردەوامی کۆبوونەوە دەکرێت، دوێنێ وەفدی هەرێمی کوردستان گەڕاوەتەوە، ئەو کۆنوسەی کە کراوە لەنێوان هەرێم و بەغدا، بەجێ هێڵدراوە بۆ ئەو لیژنەیەی کەوا محمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق دروستی کردووە."
وتیشی: " لیژنەکە پێکهاتووە لە شەش وەزیر، کە دووانیان کوردە، بڕیارە ئەمڕۆ ئەو لیژنەیە کۆببێتەوە، سەبارەت بە هەنگاوەکان و ئەو کۆنوسانە کە لە نێوان هەردوولادا کراوە، هەروها دادگای فیدراڵی عێراق، بڕیاریداوە ڕۆژی دووشەممە ئەو سکاڵایەی کەوا فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کردویانە لە وەزارەتی دارایی، خستویەتیە بەرنامەی کارەوە و چاوەڕێی بڕیاری دادگای فیدراڵیشن".
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایە، هەولێر یاخود بەغدا یە نایەوێت ئەم ڕێکەوتنە سەربگرێت؟ سروە محەمەد ڕەشید ڕونیشیکردەوە، " بابەت ڕێککەوتن نییە، بەڵکو بابەتەکە ئەوەیە کە حکومەتی عێراق، یاری بە کاتەوە دەکات و هەر جارێک داواکارییەک زیاد دەکات، چونکە دەزانێت دۆخی فەرمانبەرانی هەرێم زۆر خراپە و لەئەنجامی ئەم یاریکردنە بەکاتەوە دۆخەکە خراپتر دەبێت، بەڵام لە کۆتایدا ڕێگەچارەیەک نییە جگە لە ڕێککەوتن، دەبێت ڕێکیش بکەون."