ڕوانگە - وابڕیارە ئەمڕۆ هەینی 11 ی تەمووزی 2025  مەراسیمی چەک دانانی پەکەکە لەچەند شوینێکی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت و یەکێک لەو شوێنانەشی کە مەراسیمەکەی تێدا ئەنجام دەدرێت، ئەشکەوتی جاسەنەیە لە گوندی قەمچۆغە لە سنوری قەزای دوکان.

وەک ئەوەی ڕونکراوەتەوە، شێوازی مەراسیمەكە بەو شێوەیە دەبێت، کە ژمارەیەكی گەریلای پەكەكە كە نزیكەی (40) گەریلا دەبن و  دوو سەركردەی ئەو حزبە كە پێدەچێت (بەسێ هۆزات و مستەفا قەرەسوو) بێت یەك لەدوای یەك لە ئەشكەوتی جاسەنەوە دێنە خوارەوە بۆ تەختاییەكەی خوار ئەشكەوتەكە، لەوێ لەبەردەم میوانەكان چەك و مەخزەن و كەرەسەتە سەربازییەكان دادەنێن و دواتر دەگەڕێنەوە ئەشكەوتەكە.

لەبەشێکی دیکەی مەراسیمەکە هاتووە، لە قەزای دوكان لە هۆتێل ئاشور شاشەیەكی گەورە دانراوە بۆ رۆژنامەنووسان و بەشێك لە میوانان، واتا ڤیدیۆی مەراسیمەكە لەلایەن یەك كەناڵەوە دەگوازرێتەوە بۆ شاشەكی گەورە لە هۆتێل ئاشوری دوكان.