ڕوانگە ـ ئەوەی شتێک لەبارەی گوتاری (پۆست -کۆڵۆنیاڵیزم)وکاپیتاڵیزم و چەمکە دەستەخوشکەکانی تریەوە بزانێ، تێدەگات دونیای نوێ قبوڵناکات چیتر لە جامی زەڵاتەیەک بچێ، بەڵکو وەک مەنجەڵێکی لەکوڵ دەخوازێت چی ڕەنگ و دەنگ و تامی جیاواز ھەیە وەک یەک لەھەناوی خۆیدا بیتوێنێتەوە! بەناوی جیھانگەراو و گلۆبالزەیشن و پلوراڵیزم و ھەندێ درۆی بەناو ئاشتەوایی نێونەتەوییەوە، چی دەمارو جۆگەلەی شینی بیری نەتەویی ھەیە پەلکێشی نێو ئەو زەریا قوڵ وتێرنەخواردووەی سەرمایەداری و جیھانی نوێ بکات .
جیھانی نوێ پانتاییەکی نوێی کەلتووری و نەتەویی بەناوی 'کۆزمۆپۆلیتانیزم' ھێناوەتە ئاراوە کە پاشخانێکی دوورو درێژی مێژوویی و سیاسی ھەیەو دەیەوێت زۆنێکی نێوەندنگیر و فرەڕەنگ و فرەڕەھەندی وەک چێشتی مجێور بێنێتە ئاراوە و مرۆڤایەتی ھەموو وەک ھاوڵاتی سەر بە 'کۆمەڵگەی جیھانی' بن و خودان یەک سیاسەت و باوەڕ و فەرھەنگ بن. تەنانەت ڕەگەزی سێیەم و دروستکردنی مرۆڤی فرەجێندەرو ھتد...
جیھانێک دەیەوێ ھەموومان یەک ڕوخساربین، یەک جل بپۆشین ، تەنانەت دەگوترێ 'مەکدۆنالییزەیشن' واتا یەک براندی خواردنمان ھەبێ و پێکەوە ئامین بۆ گوتارە دزێوەکانی بکەین، ئەوەی نەرمی بنوێنێ ولەگەڵ ئەم تەوژمە لە سیاسەت و ئارگومێنتە بەرژەوەندیخوازەدا بڕوات، ھیچ نەبێ ناشێلدرێ و ناپلیشێتەوە، خۆ گەرنا دەبیتە بەردەباز و کەرەستەی خاوی بازاڕگەراو مارکێتینگی وان.
ئەم تەوژم و ئایدۆلۆژیایە جەمسەرێکی پێچەوانەو دژی بیری ناسیۆنالیزمییە، تەواو ھەڵوەدای سڕینەوەی سنوورو بەھاو فەرھەنگی جیاوازە، دەوڵەتی نەتەوە و شوناسی نەتەوایەتی نانێکی کۆنی پەیرەیە و سکی وان تێر ناکات . ئیتر چۆن چاوەڕوانی ئەوەی لێدەکەیت پێ لەبەرژەوەندییەکانی خۆی بنێ و قەوارەیەک بەناوی دەوڵەتی نەتەوەیی بەتۆ ببەخشێ!.
کوردیش لەم نێوەندەدا وەک دیاردەیەکی نەتەوەیی و خاوەن فەرھەنگ و زمان و کەلتووری خۆی، وەک کیانێکی مەعنەویی ئاراستەی ئەو تەوژمەدا بەگوێرەی پێویست نەڕۆشتووە و ویستوویەتی دەست بە پیرۆزیی و بەھاکانی خۆیەوە بگرێ و لێ وەک گرێکوێرەی سیاسی ناوچەکەی لێھاتووە .
'لە پەراوێزی ڕووداوی مێژوویی 'ئەشکەوتی جاسەنە' و دیمەنی چەکسووتان و دەستپێشخەریی ئاشتەوایی کیژو خورتە چییایەکانی کورد '
ھەنگاوەکە بەتەنیا کردەیەکی سیاسی و سیناریۆیەکی سادەی چەکدارانە نەبوو، بەڵکو ھەڵگری چیایەک لە ئاماژە و جەڤەنگی میتۆلۆژی و فەرھەنگی و شوناس و مێژوو بوو. ھەمووان گەریلا و چەک بە دووانەیەکی لێکدانەبڕاو دەناسن کە لە ھەناوی ھەمان دیالێکتیک و فەلسەفەدا ھەڵێنراون، لێ ئەم ھەنگاوە پێناسەیەکی نوێی کرد بەبری گەریلا و کورد و چیادا، بەڵێ دەکرێ چیتر بەبێ 'چەک 'و بە چەکی بیر و زیھن و سیاسەتی جیھانی نوێوە مومارەسەی باوەڕو فەلسەفەی سیاسی وچڤاکی خۆی بکات. جێھێشتنی قۆناغی جەنگی دەستەویەخەو تێگەیشتن و ڕەسینە بە سەرەتای سەردەمی دیکۆڵۆنایزیەیشن' ھەڵوەشاندنەوەی داگیرکاری'.
* دەرەنجامی چەکسووتان*
- لەنێو ھەڵای میدیایی و خوێندنەوەو شیکارێکی زۆری توێژەران و چاودێرانی سیاسیدا دووبەرە پەیدابوو : یەکێکیان زۆر بە خۆشحاڵیەوە دەرواننە پرۆسەکە و کە بەشێکیش لەمانە بەناوی دڵسۆزی و گرتنی سەنگەری بەرگرییەوە، خەم و حوزنی بەرەی دووەم بە ' حەماقەت' و دواکەوتووی ناودێنن!
با واتێبگەین کە ئەمە دەستێکی تری یاری سیاسی ئەو پارتەیە و ئاشبەتاڵی خەبات و بەرگری چەندان ساڵە نییە! لێ دیمەنی سوتانی چەکی نیوسەدە بەرخۆدان و بەرگری بەدەست و مەچەکی تەزیو و وشکھەڵاتووی کیژ و کووڕیژگەی چییایمانەوە کسپە لەدەروونی ھەموومان ھەڵدەستێنێ! مەراقی پڕ شکۆو دڵتەنگی وان بەدیار سوتانی ھاوڕێی دێرینەکەیان و پێنان لە باوەڕ و غیرەتی نامۆیان بەم سەردەمە ساناترین پێناسەی کوردبوون و ئازادییە.
بیرمە من پۆلی یەک یان دووی سەرەتایی بووم باوکم گوێی نابوو بە ڕادیۆکەیەوە و پەیتا پەیتا ئاخ و داخی ھەڵدەکێشا بەدیار ھەواڵی دەستگیرکردنی بەڕێز 'ئۆجەلانەوە' و کەشێکی خەمگین و پرسەئامێز ماڵە قوڕینەی گوندی تەنیبوو، بەو منداڵییەوە منیش ھەستم پێکردبوو ڕستێ پرسیارم ڕیزکرد و لەباوکمم دەپرسی ئۆجەلان کێیە؟ بۆچی دەستگیرکراوە؟ ئەی کەی ئازادی ئەکەن؟
ئەوا من پێیم لەناوسییەکانی تەمەنمدایە و ڕێبەری ئەو پارتەش ھەر لەکونجی زیندانی تاکەکەسیدایە!.
لەکاتێکدا خودا ھەموومانی بەجیاوازی ڕەگەز و نەتەوە و
ڕەنگ و دەنگی جیاوازە دروستکردووە و پەکەکەش وەک وەڵامگۆی ئەم مافە سەرەتاییە دروستبووە ، زۆر سروشتییە ڕۆندک و ئەسەفی قوڵی ھەر کوردێک کە ھێشتا بیری نەتەوایەتی و ڕەسەنایەتی تێدا شلوێ نەبووبێ! زۆر ئاساییە ھەندێک دڵخۆش بن بەم پەیامی ئاشتییە و ھەندێکیش خەم و بێئومێدی دایانگرێ، ھەردووک ھەر لەسەر ھەقن و دەکرێ ماف بەھەردوو لا بدرێت.
تێگەیشتنی دۆخی ئێستای جیھان وقبوڵکردنی ئەو ڕاستییەی کە لەگەڵ تەوژم و بیر و ئایدۆلۆژیای نوێی جیھاندا بڕۆین ئەو راستییە تاڵەمان ھەندێک ئاسانتر پێ ھەزم دەکات و نزیکترمان دەکاتەوە لە فەلسەفەی خۆھەڵوەشاننەوە و بەرەوپیرچوونی ئاشتی کۆمەڵایەتی .