ڕوانگە -  بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان رایدەگەیەنێت، ئەو کەسەی کە لە ناحییەی شێخ تەویل ٢ برای کوشت و دواتر خۆی کوشت، دەرکەوت کە خۆی نەکوشتوە بەڵکو کوژراوە.

لە رونکردنەوەیەکدا بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان ڕایگەیاندووە،  لە رێکەوتی 23 / 6 / 2025 تاوانێکی کوشتن لەگوندی سەیبێخانی سەربەناحییەی شێخ تەویل لەنێوان دو لادا بەهۆی کێشەی زەویوزارەوە تۆمارکرا، لەئەنجامدا سێ کەس بەناوەکانی (سەرهەنگ جەزا محەمەد/ لەدایکبوی 2004) و (محەمەد جەزا محەمەد/ لەدایکبوی 1999) و لەلایەنی بەرامبەریش کەسێک بەناوی (محسن عەلی محەمەد/ لەدایکبوی 1997 بەهۆی بەرکەوتنی فیشەکەوە گیانیان لەدەستدابو.

پۆلیسی گەرمیان ڕونیشیکردۆتەوە:" دوای لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان و وەرگرتنی وتەی چوار شاهید، روداوەکە بەوجۆرە ناسێنرا کە کەسێک دو کەسی کوشتوە کەبرای یەکترن و کەسێکی دیکەی بریندارکردوە و دواجار خۆیشی کوشتوە.

ئاشکرایشی دەکات: دوای لێکۆڵینەوەی وردی پۆلیس و ئەنجامی راپۆرتی توێکاریی پزیشکی دەربەندیخان، دەرکەوت کە تاوانلێکراو (محسن عەلی محەمەد) پێنج فیشەکی بەرکەوتوە و خۆی نەکوشتوە، بەڵکو کوژراوە.

پۆلیسی گەرمیان باس لەوەشدەکات بە فەرمانی دادوەر 12 کەس لەهەردو لایەن بەپێی مادەی 406 لەیاسای سزادانی عیراقی دەستگیرکراون و فەرمانی دەستگیرکردن بۆ شەش تۆمەتباری  تر بەهەمان مادە دەرچوە.