ڕوانگە -  کۆبونەوەی دووشەممە 14ی تەمووزی 2025 ی نێوان  شاندی باڵای پارتی و یەکێتی لەسەر کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کۆتاییهات و جەخت لە هەوڵدان بۆ چارەسەری کێشەی مووچە دەکەنەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی بەئامادەبونی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەپیرمام کۆبونەوە.

ئەوەشخراوەتەڕوو،" سەبارەت بە رووداو و پێشهاتەکان و کێشە و گرفتەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ بە تایبەتی شایستە داراییەکان و موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، دوای گفتوگۆ و بیروڕاگۆڕینەوە و لێکدانەوەی هەموو رەهەندەکان لە روی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی، هەردوولا هاوڕابون هەموو هەوڵەکان چڕبکرێتەوە بۆ چارەسەری کێشە و دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و تەواوی ئەو هەنگاوانەی پێویستن لە چوارچێوەی دەستوردا بە ئاراستەی چارەسەرکردن بە هاوئاهەنگی هەردولا بهاوێژرێن ".

باس لەوەشکراوە،" بەشێکی دیکەی کۆبونەوە تەرخانبوو بۆ زیاتر پتەوکردنەوەی پەیوەندی پارتی و یەکێتی بۆ ئەوەی ئاستەنگ و ئاڵەنگارییەکان تێپەڕێنن و پارێزگاری لە قەوارەی هەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکانی بکەین ".

هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی جەختیان لەسەر یەکخستنی هەڵوێستی هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و عێراق کردەوە. کە هاوکار و پشتیوان بن لە چارەسەری ئەم کێشەیەدا.