ڕوانگە ـ ماوەیەکە بە هۆی سەفەرەوە لە دونیا دابراوم. چەند ڕۆژێک لە شاری زەداری ئۆکرانیا بووم، پاشان چووم بۆ تریەستی ئیتالیا، لەوێشەوە بۆ ئەلپ و پاشان بۆ نەمسا.

دوو کتێبم خوێندەوە لەم سەفەرەدا، یەکەمیان چۆن گەلان شکست دەهێنن، دەربارەی ڕۆڵ و جۆری دەزگا لە بەرهەمهێنانی سامان و خۆشگوزەرانی. تێکەڵبونی سیاسەت و ئابوری، لە دارون عەجەمئۆلۆ و هاوەڵەکەی نوسیویانە.

دووەمیان کتێبێکە دەربارەی گۆرانی نیزامی جیهانی، ستونوسی ڕۆژنامەی فایناشاڵ تایمز جیلیان تێت سەرنجی بۆ ڕاکێشام. شەممەی ڕابوردوو لە بەیانییەکی زوودا لە شاری تریەست کاتێک چوم لە کوشکێک ڕۆژنامەی فایناشاڵ تامز بکڕم، خاوەن کوشکەکە پیرەمێردێکی ئیتالی بوو، کاتێک من ئیتالییەکەم کەوتە دوکەڵکردن ئەویش ووتی می نۆ ئینگلیش. پیرەمێردەکە بەبێ ئەوەی بە خۆی بزانێت لە خۆیدا دەردەکانی دەوڵەتی ئیتالی هەڵگرتبوو، کە بریتین لە کۆمەڵگایەکی پیر، بە زۆری دابراو لە دونیا. کاتێک چوومە کتێبخانەی بەناوبانگی شارەکە کە نوسەری گەورە کلاودیا مارگریش لێی دادەنیشێت، زۆربەی ئەو کتێبانە لەوێدا بوون، هێشتا هی سەردەمی چەپی خۆشخەیاڵی دژە ئەمریکایی بوون.

دیارە دۆخی کوردستان زۆر دڵتەنگە، بەڵام لە بەر ئازاراویی و هەنوکەیی دۆخەکە، کە دیارە هەمیشە بەم جۆرە بوە، ئاسان نیە بتوانیت دەرفەتی ئەوەت هەبێت ڕوداوەکان بە گەورەیی ببینیت.

کتێبەکە کە جیلیان باسی لێوەدەکرد لە نوسینی ڕەی دالیویە، باس لە گۆڕینی نیزامی جیانی دەکات بە تایبەتی لە ڕوانگەی پارەوە. دیارە پارە کە کرۆکی پرسی موچەیە، دیاردەیەکی ئێجگار ئاڵۆزە و لە پشت هەموو ڕوداوە مێژوییەکانەوەیە. چونکە میکانیزمی جوڵەی پارە زۆر ئاڵۆزە. بۆ نمونە کاتێک کۆرۆنا رویدا، دەوڵەتەکان پارەی زۆریان چاپکرد و بە سەر خەڵکدا دابەشیان کرد. خەڵکیش ئەم پارانەیان دا بە شمەک و خۆشگوزەرانی، یانی پارەکە چوە گیرفانی دەوڵەمەندەکانەوە. بەڵام پارە زۆرەکە بوە هۆکاری ئەوەی کە پارە نرخی کەمبکات و سەرمایە یان کەپیتال بەهای زیاد بکات، بۆ نمونە نرخی خانو. لە ئەنجامدا هەژاران پارەکانیان سەرفکرد، دەوڵەمەندەکان دەوڵەمەندتربوون. لە دەرئەنجامی ئەمەدا، هەژاران هەستیاکرد کە سیستەمەکە دادپەرەوەرنیە. ئەمەش کرۆکی پۆپیلیزمە.

پۆپیلیزم هۆکارەکەی هەندێک خەڵکی پۆپیولیست نین، وەک زۆرێک بڕوایان وایە، بەلکو بە زۆری قۆناغەکانی هەڵکشان و داکشانی پرۆسەی داراییە. 

بۆ نمونە لە کوردستان سامان لای کەمینەیەک کەڵەکە دەبێت، زۆرینەیەک هەست دەکات بێبەرییە، بۆیە زەمینەی پۆپیولیزم لە ئارادایە. وەک ڕەی باسی دەکات زۆرینەی مرۆڤەکان ئاڵۆزی پرسەکان نابینن. ڕەی بروای بە بازنەیی ڕێچکەی مێژوە، میتۆدێک کە خەڵکانی وەک ئیبن خەلدون و نیتچە و لەم دواییانەدا خەڵکانی تریش هاوبیروڕان. بەو مانایە کە سوڕێک هەیە کە ڕژێمە سیاسییەکان ناچارن پیایدا تێپەڕن. ئەم جۆرێک لە حەتیمەت دروست دەکات.

کە دێتە سەر گۆرانکاری گەورە، ئەم بەیانییە کە لە خەو هەستام هەوڵێکم بینی زۆر جێگای سەرنج بوو. ئەمریکا پێشنیاری ئەوە دەکات کە ڕێڕەوەی زەنگەزور بۆ ماوەی سەد ساڵ بە کرێ بگرێت. 

هەواڵەکە لە جەند ڕویەکەوە سەرنجڕاکێشە. دیارە تۆم باراک کە ئەم قسەیەی کردوە خۆی بۆ خۆی جێگای سەرنجە. بەڵام یەکەم، ئازرەبایجان گرنگی زۆر پەیدا دەکات چونکە هەردوو ڕوسیا و ئێران ڕوو لە لاوازین. باکو، پێگەیەکی ستراتیژی هەیە لەم پرسەدا. 

شەڕی ئۆکرانیا بوە مایەی لاوازی ڕوسیا، بە هەمانشێوە هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل بوە مایەی لاوازی ئێران. چونە دەرەوەی ئەم دوو هێزە لە ناوچەکە، وەک هێزی کاریگەر، هانی ئەوانیتر دەدات کە جێگەیان بگرنەوە و نیزمی جیاواز دابمەزرێنن.

ئێران دەمێکە لە ترسی ئابلۆقەدان دایە. ئابلۆە تەنها ڕەهەندە ئابوریەکی نا بەڵکو بە کوری ڕۆژانە مەبەست چواردەورگرتنە. تورکیا ئەکتەری سەرەکیە لەم گەمەیەدا لە گەڵ ئیسرائیلدا. باکۆ جێگایەکی دۆستی ئیسرائیلە، بۆ نمونە لەوێ سوری و ئیسرائیلیەکان یەکتر دەبینن.

لە عەقڵەیتی ئابلۆقەی ئێرانیدا کوردستانیش لەم گەمەیەدایە، بۆیە پرسی موچە و نەوت و بوارەکانی تر بە دەر نیە لەم گەمە گەورەیە.

دوا شت باسی بکەم لەم بوارەدا، پرسی میساقی میلییە. هەست دەکەم هەڵە تێگەیشتنێک هەیە لە چەمکی میساقی میلی لای کورد. لە ئێستادا ئەم چەمکە لە عەقلی نوخبەی تورکیدا دوو مانای هەیە، یەکەم، ئەو ناوچەیەی کە میساقی میللیە، دەبێت لە ژێر دەستی تورکیادا بێت، چونکە لە گەمەی گۆڕانی ناوچەکە، ئەگەر هەر هێزێکی تر لەوێ بێت، ئەوا دەتوانێت لە ڕێگای پەیوەندییە ئیتنی و کەلتوری و کۆمەڵایەتیەکانەوە دەستورەدان بکات بۆ ناو تورکیا. ئەمەش تورکیا دەخاتە بەر مەترسی گەورە. پرسی چارەسەری پرسی کورد، جگە لە خواستی شەخسی ئەردۆگان ئەمە پاڵنەریەتی. دووەم، میساقی میلی ئامانجی تورک نیە، بەڵکو ئامانجیان زۆر فراوانترە، بەڵام پەیامەکان وەهان کە ناوچەی میساقی میلی لە کاتی دروستبونی قەیران بۆ قەڵەمڕەوی تورکی لە جێگای تر ئەوا ڕەنگە ناچار بێت بە تەواوی کۆنترۆڵی بکات. لەم ڕوەوە سەرباری چەکدانان کشانەوەی سوپای تورکیا لە ناوچەکە بە دوور دەگرم.