ڕوانگە - بەرپرسی لقی گەرمیانی پارتی بۆ یەکەمجار ڤیدیۆی ساتی دانانی بۆمب بۆ ئۆتۆمبیلەکەی بڵاودەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت :" روداوەکە بوە قوربانی ململانێی سیاسی."
ئەکرەم ساڵح، بەرپرسی پێشوی لقی گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ یەکەمجار ڤیدیۆی ساتی دانانی بۆمب بۆ ئۆتۆمبیلەکەی لە ساڵی رابردودا بڵاودەکاتەوە، هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا رونکردنەوەیەکی بڵاوکردوەتەوە و تیایدا ئاماژە بەوەدەکات، دوای ساڵێک لە هەوڵی تیرۆرکردنم، تائێستا هیچ وردەکارییەکی ئەو روداوە بڵاونەکراوەتەوە و هیچ کەسێکیش دەستگیر نەکراوە.
دەشڵێت: روداوەکە بوە قوربانی ململانێی سیاسی و حزبی.رۆژی 15ـی تەموزی ساڵی پار، بۆمبێکی لکێنراو بە ئۆتۆمبیلی ئەکرەم ساڵح- بەرپرسی لقی گەرمیانی پارتیدا تەقیەوە، کاتێک لە ماڵەکەی خۆی لە گەڕەکی شەهیدانی کەلار دەچو بۆ سەر کارەکەی. روداوەکە زیانی گیانی لێنەکەوتەوە.
دەقی ڕونکردنەوەکەی بەرپرسی پێشوی لقی 22ی گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان:
ڕوونکردنەوەیەک بۆ ڕای گشتی لەبارەی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلەکەم لەساڵی ڕابردوو
ئەمڕۆ ۱٥ی تەمووزی ۲٠۲٥، ساڵیک بەسەر هەوڵی تیرۆرکردنمان لە ڕێگەی تەقاندنەوەی ئۆتومبیلەکەم لە شاری کەلار ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، تێدەپەڕێ.
سەرەڕای تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر ئەو کردەوە تیرۆرستییەدا، تا ئیستە هیچ وردەکارییەک لەبارەی ئەو کردەوەیە بڵاونەکراوەتەوە و هیچ کەسێکیش نەگیراوە، لە کاتێکدا سەرەداو و بەڵگەی زۆرباش کەوتنە بەردەست دەزگاکانی ئەمنی، بەڵام ئەم ڕووداوەش بووە قوربانی ململانێی سیاسی و حزبی بەهۆی هەڵکەوتەی شوینی رووداوەکە …
هەربۆیە بە پێویستمزانی لە ساڵیادی ئەو کردە تیرورستیەدا کە بە موعجیزە لێی ڕزگار بووم، هەندێک وردەکاری بخەمەڕوو.
ئەڵبەتە لە ڕۆژی ١٥ی تەمووزی 2024، وەک ڕۆژانی ئاسایی کاتژمێر ٩:٢٣ خولەک لە ئۆتومبیلەکەم سەرکەوتم بڕۆمە دەوام بۆ بارەگای لق .بەڵام هەر کە ئۆتۆمبیلەکەم کەوتە جووڵە، بە کۆنترۆڵ لە دوورەوە تەقێنرایەوە و یەک پارچە هەردوو لام بوو بەئاگر، چونکە بۆمبەکە لە لای چەپم بە ژێرەوەی ئۆتۆبیلەکەوە لکینرابوو ، لەو کاتەدا پێم وابوو ئەستەمە ڕزگار ببم ، بەڵام کاتێ زانیم هیچ شوێنێکی جەستەم نەپەڕیوە، بەخێرای لە شوێنی خۆم هەستام و چوومە بەشی پێشەوەی ئۆتومبیلەکە کە هیشتا ئاگر پێی نەگەشتبوو ، سەرەتا وامزانی شوفێرەکەم گیانی لەدەست داوە، بەڵام کە ڕام چڵەکاند بە ئاگا هاتەوە و یەکسەر دەرگای لای شۆفێرمان کردەوە، لە دەرەوەش پاسەوانەکانی تر ئازایانە هاوکار بوون بۆ ڕزگاربوونمان، هەرچەندە دەرگاکە لە ئەنجامی تەقینەوەکە بە زەحمەت کرایەوە، خۆشبەختانە جگە لە هەندی برینی سووک سەلامەت دەرچووم .
هەموو ئەو باسەی دەیگێڕمەوە لە کەمتر لە خولەکێکدا ڕوویدا، پاش ئەوە بە کەمتر لە دوو خولەک تەنکی بەنزینی ئۆتۆمبیلەکە گڕی گرت و تەقییەوە و هەموو لایەکی ئۆتۆمبێلەکە بوو بە ئاگر.
ـ رووداوەکە چۆن روویدا؟
ئەڵبەتە چوار مانگ بەر لە تەقینەوەکە لە مانگی ئادار ئاگادار کرامەوە کە هەوڵێک هەیە بۆ تیرۆرکردنم، لەو ماوەیەدا زۆر بە وریایی چاودێری و مامەڵەمان دەکرد، هەر بۆ ئەوەی پیلانەکە پووچەڵ بکەمەوە، گەشتیکی دەرەوەی کوردستانیشم کرد، پاش گەڕانەوەیش هەر بە وریایی جووڵە و هاتوچۆمان دەکرد، بەڵام ماوەیەکی چوار مانگی تێپەڕی و هیچ ڕووی نەدا، هەر لەو ماوەیەشدا بەهۆی رووداوێکەوە کە ڕوویدا پێمان وابوو پیلانەکە تیکچووە، بۆیە ڕێوشوێنی خۆپارێزی لای ئێمەیش هەندێک ئاسایی بووەوە، بەڵام دواتر دەرکەوت ئەو لایەنەی پلانی تیرۆرکردنەکەی دانابوو، سورە لەسەر کارەکەی و بەپێی ئەو زانیاریانەی کە دوای کردەوەکە دەستمان کەوت، ئەو گرووپە پاش ماوەیەک لە کۆکردنەوەی زانیاری ورد و ئامادەکاری، شەوان لە پارکێکی گشتی کە لەبەردەم ماڵماندا بوو، چاودێریان کردبووین. تا شەوی ١٤ی تەمووز کاتژمێر ١١ی شەو، بەهۆی ئەوەی یاریی کۆتایی خولێکی تۆپی پێی نێودەوڵەتی هەبوو، ئەو دەوروبەرە زۆر چۆڵ بووە. ئەمەیش دەرفەت بۆ تیرۆرستەکە دەڕەخسێنێ تا زەفەر بهێنێت و لە ماوەی چەند چرکەیەکدا لە پارکەکەوە خۆی بگەینیتە ئۆتۆمبێلەکەم و بۆمبەکەی پێوە بلکێنی.ئەمە بەپێی تۆمارەکانی کامێراکانی ماڵەوە دەرکەوتوە، ئەڵبەتە کەمتەرخەمی لە پاسەوانەکەیشدا هەبووە.
پاش لکاندنی بۆمبەکە بە ١٥ خولەک ئۆتۆبیلەکە لەلایەن شوفێرەکەوە دەهێنرێتە ژوورەوە و شەو تا بەیانی بۆمبەکە بە ئۆتۆمبیلەکەوە دەبێت و هیچ ڕوو نادات .
بەیانییەکەی کە دەکاتە ١٥ی تەمووز، نزیکەی چارەکە سەعاتێک بەر لەوەی من لەماڵ دەرچم، ئۆتۆبیلەکە لەلایەن شۆفێرەکەمەوە دەبرێتە بەر دەرگا بۆ ئەوەی ئامادە بن بەرەو دەوام بچین، دیارە لەو دەوروبەرەوە تیرۆرستەکان ئێمەیان خستبووە ژێر چاودێری بۆ ئەوەی کە من سەرکەوتم کۆنترۆڵەکە بخەنە کار، بۆیە کاتێک هاتمە دەرەوەی ماڵ و چوومە ناو ئۆتۆمبیلەکە، ڕاستەوخۆ بۆمبەکەیان بە کۆنترۆڵ تەقاندەوە.
خۆشبەختانە خۆم و سکرتێر و شوفیرەکەم کە لەناو ئەو ئۆتومبیلەدا بووین، بەسەلامەتی خۆمان ڕزگار کرد .
پاش رووداوەکە ئاسایشی گەرمیان دۆسیەی لێکۆڵینەوەی رووداوەکەی گرتە ئەستۆ ئیمەیش تەواوی هاوکاریی و ئاسانکاریمان پێشکەش کردن، بۆ ئەوەی پرۆسەی لێکۆڵینەوە بە ئاسایی بڕوات، بۆ ئاشکراکردنی تاوانباران و دوور لە دەستیوەردان.
سەرەتا تیمی لێکۆڵینەوە و IT بەڕێبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان لە ڕێگەی کامێراکانی چاودێرییەوە دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد و پیشکەوتنی باشیان بەدەست هێنا بۆ دۆزینەوەی تاوانباران، بەڵام پاش دوو ڕۆژ بە هۆکارێکی نادیار و گوماناوی ئاسایش دەستبەرداری لێکۆڵینەوەکە بوون و تەنانەت بەڕێوەبەری IT ئاسایشی گەرمیان کە زۆر پیشەییانە لەگەڵ تیمەکەی کاریان بۆ دۆزینەوەی تاوانباران دەکرد، لە کارەکەی دوور خرایەوە.
هەروەها نزیکەی شەش مانگ پاش ڕووداوەکە لەسەر ددانپێدانانی کەسێک کە لەلایەنن دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراقەوە گیرا بەهۆی کارێکی تری تیرۆرستییەو لە کەرکووک، کەسەکە دانی بەوەدا ناوە کە یەکێک بووە لەو گرووپەی کە ئۆتۆمبیلەکەی بەرپرسی لقی ۲۲ی پارتی دیموکراتی کوردستانیان لە کەلار تەقاندوەتەوە.
لەدۆسیەی لیکۆڵینەوەدا دانی بەناوی هەندی لەوانەدا ناوە کە کارەکەیان ئەنجام داوە بەپی زانیاری ئەو زانیاریەش بە فەرمی ئاراستەی دەزگای ئاسایش کراوە بەڵام لەبەر زۆر هۆکار کەنامەوی لیرە باسی بکەم چیتر کار و بەدواچوون بۆ دۆسیەکە نەکرا .
بەکورتی هەروەک ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای ڕووداوەکەدا ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و ئەو تاوانەی خستە ئەستۆی گرووپێکی سەربە پەکەکە، دواتریش بە بەڵگە دەرکەوت ئەنجامدەرانی کردەوەکە گرووپێکی سەر بە پەکەکە بوون، بەڵام بە ئاگاداری پیشوەختەی لایەنی تر،
هەربۆیە دۆسیەکە لەژیر گوشاری هەمەلایەنەدا دیزە بەدەرخۆنە کرا و تا ئێستایش هیچ راگەیاندنیکی فەرمی و ڕوونکردنەوەیەک لەلایەن دامودەزگای ئەمنی سنوورەکەوە لەبارەی ڕووداوەکە بڵاو نەکراوەتەوە، لەکاتیکدا ئەو کردەوەیە یەکێک بوو لە هەرە کردەوە تیرورستییە گەورەکانی هەرێمی کوردستان.
هەر بۆیە بە پێویستمزانی لە ساڵیادی ئەم کردەوە نامەردانەدا بەشیک لەم ڕاستییانە بۆ ڕای گشتی بڵاو بکەمەوە . هەروەها هەموو لایەک دڵنیا بکەمەوە کە ئەو دۆسیە هەرگیز لای من داناخرێت، تا ئەوکاتەی تاوانباران دەستگیر دەکرێن و بە سزای یاسایی خۆیان دەگەن.
ئەمەیش بەلگەی ڤیدیۆیی ئەو تیرۆرستەی بۆمبەکە بە ئۆتومبیلەکەمەوە دەلکێنێ کە یەکەمجارە بڵاوی دەکەمەوە و لای دەزگاکانی ئاسایش هەیە، لەگەڵ ساتی تەقینەوەکە.
بەهیوای سەلامەتی بۆ هەموو لایەک
ئەکرەم ساڵح