ڕوانگە - رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی لە ئەمریکا ناترسێت، بەڵکو ئەمریکا دەترسێنێت.

 ئەمڕۆ چوارشەممە، 16ـی تەممووزی 2025، ئایەتوڵڵا سەید عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای دەسەڵاتی دادی وڵات، رایگەیاند، "ئێمە بە لاوازی لە هیچ گۆڕەپانێکدا دەرناکەوین، چونکە هەموو کەرەستە پێویستەکانمان هەیە. هەم لۆژیکمان هەیە و هەم هێزمان هەیە. چ لە گۆڕەپانی دیپلۆماسی و چ لە گۆڕەپانی سەربازیدا، هەر کات بچینە نێو گۆڕەپانەکە، بە دەستی پڕەوە دەچین."

 ئایەتوڵڵا خامنەیی گوتی، "ئەمریکا کە هێرشی کرد، وەڵامدانەوەی ئێمە لێدانێکی زۆر هەستیار بوو. با کات تێپەڕێت، چەند مانگ یان چەند ساڵ و سانسۆرەکان نەمێنن ئەوکات بەدیار دەکەوێ ئێران چی کردووە."

 هەروەها ئاماژەی بە هێرشەکەی ئێران بۆ بنکەی هێزەکانی ئەمریکا لە قەتەر کرد و گوتی: "ئەو ناوەندەی ئەمریکا کە ئێران هێرشی کردەسەر، ناوەندێکی زۆر هەستیاری ئەمریکا بوو لە ناوچەکەدا. گورزێکی گەورەی لێدرا و دەتوانین گورزێکی گەورەتر لە ئەمریکا و هی دیکەش بدەین."

 ڕێبەری باڵای ئێران گوتیشی، "ئەگەر ئیسرائیل توانای بەرگری لەخۆکردنی هەبووایە، پەنای بۆ ئەمریکا نەدەبرد، بەڵام درکی بەوە کرد کە ناتوانێت شەڕ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بکات."

 رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاماژەی بەوەدا ئەوان حیساب بۆ ئەمریکا ناکەن و گوتی، "ئێران لە ئەمریکا ناترسێت بەڵکو ئەمریکا دەترسێنێت."