ڕوانگە -  ئەمڕۆ شەممە 19ی تەمووزی 2025 سەرچاوەکانی هەواڵ لە سوریا، بڵاویان کردەوە، کە ئەگربەست لە پارێزگای سوەیدا ڕاگەیەندراوە و ئێستا دۆخەکە بەرەو هێوربونەوەدەچێت، ئەمەش دوای چەندین ڕۆژ لە سەرهەڵدانی شەڕ و خوێن ڕشتن لەنێوان دروزەكان و هێزە ئەمنیەكانی ئەو وڵاتە و پاشانیش هێرشی چەكدارانی بەدو هۆزەكانی سوریا بۆ سەر پارێزگاكە.

‎بەگوێرەی میدیاكانی سوریا، هێزەکانی ئاسایشی گشتی سوریا، بۆ گەڕاندنەوەی ئاسایش و جێبەجێکردنی مەرجەکانی رێککەوتنەکە لەسەر زەوی، دەستیانکردووە بە جوڵە بەرەو شاری سوەیدا.

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی کە میدیاکانی سوریا بڵاویانکردۆتەوە:" ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە لە حەوت خاڵی سەرەکی پێکدێت، کە گرنگترینیان  بریتیە لە  چوونە ناوەوەی دامەزراوە ئیداری و ئەمنییەکانی دەوڵەت بۆ ناو پارێزگاكە، تێکەڵکردنی ئەندامانی گروپە چەكدارەكان بەهێزە ئەمنییەکان و رادەستكردنی چەکی قورس و مامناوەند لەلایەن بەدو و دروزەکانەوەو، تێکەڵکردنی دروزەکان لە داهاتووی سیاسی وڵاتەکەدا.