ڕوانگە - مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ناوەڕۆکی پیوەندیە تەلەفۆنیەکەی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی ئاشکرا دەکات و ڕایدەگەیەنێت:" بافڵ تاڵەبانی پێی ڕاگەیاندوم کە لەگەڵ بەغدا لەسەر پرسی مووچە و نەوت گەیشتونەتە ڕێککەوتن و تەنها ڕەزامەندی ئێوەی ماوە، ئاماژەی بەوەشکرد، منیش بەو ڕێککەوتنە ڕازی بوم، بۆئەوەی خەڵکی هەرێم ڕزگارییان ببێت لەو فشارەی کە دەکرێتە سەریان."

وتیشی:" بەپێی ڕێککەوتنەکە دەبێت  هەرێم 230 هەزار بەرمیل نەوت لەڕێگەی سۆمۆوە بفرۆشێت و 120 ملیار دیناریش لەداهاتی ناوخۆ ڕەوانەی بەغدا بکات، لەگەڵ ئەوەشدا سیستمی تەوتین جێبەجێ بکرێت، کە ئێمە لەمێژە لەڕێگەی هەژماری منەوە ئەو ئەرکەمان جێبەجێ کردووە و ئێستا زیاتر لە 900 هەزار فەرمانبەر بەشدارن لەو پرۆسەدا."

مەسرور بارزانی ڕونیشیکردەوە:" ئەو ئەرکانەی کە لەسەرشانی ئێمەبوو قبوڵمانکرد، بەڵام ئەوکاتەش هاوکات بوو لەگەڵ پەلاماردانی کێڵگە نەوتییەکان، لەڕێگەی هێرشە درۆنیەکانەوە، بۆیە پێم وتن ڕازیم بەم ڕێککەوتنە، بەڵام ئەم هێرشە درۆنیانە دەکرێتە سەر کێڵگەکان وادەکات بەرهەمهێنانی نەوت کەمترببێت و نەتوانین ئەو بڕە نەوتە ڕادەستبکەین، چونکە کۆمپانیاکان ناتوانن وەک پێویست کاربکەن، بۆیە بەهیوام ئەمە نەبێتە بیانویەکی دیکە بۆ دواخستنی مووچە، پێیان وتم ئەمە گرفت دروست ناکات و لێکتێگەیشتن لەنێوان هەردولادا هەیە."