ڕاپۆرت، دەزگایی میدیای ڕوانگە
ڕوانگە - ئەگەرچی شەڕی 12 ڕۆژەی نێوان ئێران-ئیسرائیل، ڕوداوێکی سەختی پڕ لە مەترسی بوو بۆ وڵاتانی ناوچەکە بەگشتی و بۆ ئێرانییەکان بەتایبەتی، زۆرێک وەها خوێندنەوەیان بۆ ڕوداوەکان دەکرد، ئەمە دواجەنگی ئێرانییەکان دەبێت و گۆڕانکاری گەورە لە سیستمی حکومڕانی ئەو وڵاتەدا ڕودەدات، بەڵام لەنێو ئەو هەموو شیکاریەسیاسیانەدا و هەر لە دەسپێکی جەنگەکەوە، محەمەدی حاجی مەحمود سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، بە تێگەیشتن لە مێژوو، هەروەها توانا و لێهاتووی ئێرانییەکان، هەمو ئەو بۆچونانەی ڕەتکردەوە و ئەو هەر لە سەرەتاوە، ئاماژەی بەوەکرد، ئەگەرچی جەنگەکە بۆ ئێرانییەکان سەختە، بەتایبەت دوای شەهیدبونی ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردەباڵاکان و زانا و شارەزایانانی بواری ئەتۆمی و هاوڵاتیانی مەدەنی، بەڵام ئەمە مانایی ئەوەنییە کە ئێرانییەکان خۆیان بدەن بەدەستەوە.
ئەو پێی وابوو ئێران لەماوەی 46 ساڵی ڕابردوودا هێندە شارەزایانە و لێهاتوانانە کاری لەسەر دروستکردن و پێگەیاندنی فەرماندە و کەسایەتی سیاسی گەورە و باڵاکردووە، کە بە شەهیدبونی پۆلێک سەرکردە ئەو وڵاتە ناکەوێتە ناو قەیرانێکی قوڵی وەهاوە کە چاودێران خوێندنەوەی بۆ دەکەن، ئەو باوەڕی وەهابوو، ئێرانییەکان زۆر سەرکەوتون لە دروستکردنی سەرکردەو کادیریی باڵادا، سەرکردەیەک کە بەوپەڕی بیروباوەڕەوە ئامادەبێت بۆ هەرکارێک و بۆ هەرکاتێک گیانی خۆی بکاتە قوربانی خاکی وڵاتەکەی.
ئەگەرچی جەنگی 12 ڕۆژە بووە مایەی نیگەرانی ئێرانییەکان و تاڕادەیەکی زۆر زیانی گەورەی ماددی و گیانی بەو وڵاتە گەیاند، بەڵام بەدیوێکی دیکەدا ئەم جەنگە بۆ ئێرانییەکان دەستکەوتێکی گەلێک مەزن و گەورەبوو.
دەسکەوت بوو بۆ ئێرانییەکان، چونکە جەنگەکە بووەهۆی لادانی ماسک لەسەر ڕووی یار و نەیارەکانی، ئێران، خودی ئێرانییەکانیش ناتوانن خۆیان لەو ڕاستییە بشارنەوە کە پێش جەنگەکە باوەڕیان وابوو چەندین وڵات و لایەنی ناوچەکە و تەنانەت هەندێک وڵات و لایەنی دەرەکیش دۆست و یاری ئێرانییەکان، بەڵام لەگەڵ قوڵبونەوەی ناکۆکییەکان و چڕبونەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر ئێران، نەک هاوکار و یارمەتی دەری ئێران نەبوون، بەڵکو هەندێکیان چاویان لەکەوتن و ڕوخانی ئەو وڵاتەبو، تەنانەت بەشێک لە بەناو دۆستەکانی ئێران نەیان دەتوانی و ئامادە نەبوون بە بەیاننامەیەکیش بێت ئیدانەی ئەو ناحەقیانە بکەن کە ئیسرائیل بەرامبەر بە ئێران و گەلەکەی ئەنجامیان دەدا.
لەوکاتەدا تەنها سەرکردەیەکی سیاسی کە بێ پەردە و بێ دوودڵی بەرگری لە گەلی ئێران دەکرد، سەرۆکی پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان بوو، ئەو بەرگرییەشی وەنەبێت بۆ هیچ ئامانج و مەبەستێک بێت، بەڵکو تەنها وەفاداری ئەو سەرکردەبوو بەرامبەر بەو پەیوەندییە قوڵ و مێژوویەیی کە لەنێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و خەڵکی هەرێمی کوردستان هەبوو، ئەمە جگە لەوەی ئەو سەرکردەیەکی بیرتیژ و بەئەزموونە و خوێندنەوەی پێشوەختە بۆ ڕووداوەکان دەکات و نایەوێت تەنها لەسەر بنەمای سۆز و عاتیفە بڕیار بدات.